لێدوانی عەلی حەمەساڵح سەبارەت بە نوێترین بڕیاری وەزارەتی نەوت بۆ بڕیاری دادگای فیدراڵی


عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان رایدەگەیەنێت "عێراق لەڕێگەی هێزەوە دەست بەسەر كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان ناگرێت، مانگانەش لەنێوان ٩٠٠ ملیۆن بۆ یەك ملیار دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكات".

عەلی حەمەساڵح لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "عێراق بەهێز دەستبەسەر حەقلی نەوتدا ناگرێت، بەڵكو ئیدارەی هاوبەشەو پێداچونەوەیە بە گرێبەستەكان، فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەلایەن عێراقەوە".

ناوبراو وتویەتی "پارەی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنان و كرێی بۆری دەدات پاش پێداچونەوە، بەم نرخەی ئێستای نەوت، پشكی هەرێم مانگانە لەنێوان ٩٠٠ ملیۆن بۆ یەك ملیار دۆلارە، موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش ٦٠٠  ملیۆن دۆلاری پێویستە، واتە جگە لە موچە، نزیكەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری دیكە لەبەردەست دەبێت بۆ خزمەتگوزاری، لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆش، جگە لەوانەش هەرێم دەبێت بەبەشێك لە سیاسەتی سوتەمەنی عێراق، بەنزین بە ٤٥٠ دینار و نەوتی ماڵان دابین دەكرێت.

عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەكردووە "حكومەتی هەرێم ناتوانێت راستەوخۆ نەوت بفرۆشێت و لە ئایندەش بۆ غاز، ناشتوانی ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتیەكان بكات، ئەم خواستەی عێراقیش زیاتر بۆ غازی ئایندەیە، بۆچونی من ئەوەیە، ڕێككەوتنێكی گشتگیربكرێت و یاسای نەوت و غاز دەربچێت و پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق جێگیربكرێت، ناكۆكی لە خزمەت خەڵكی كوردستان نیە".



PM:09:55:07/05/2022