بڕیارە گۆڕان سێ پۆستی نوێی حکومی لە کابینەی مەسرور بارزانی وەربگرێت

بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەم کە لەلایەن مەسرور بارزانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ژمارەیەک پۆستی نوێ وەربگرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، لە دوای کۆبوونەوەی تیمی حکومی بزووتنەوەی گۆڕان کە مستەفای سەید قادر سەرۆکایەتی کردووە و لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە مانگی رابردوودا کۆبوونەتەوە، بڕیارە لەم رۆژانەدا بزووتنەوەی گۆڕان چەند پۆستێکی نوێ وەربگرێت کە سەرەتاکەی لە سێ پۆستەوە دەستپێدەکات.

دەربارەی ئەو پۆستانە، " سپی " زانیوویەتی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی راوێژکارێکی میدیای لە ئەنجومەنی وەزیران وەردەگرێت، هەروەها پۆستی بەڕێوەبەرێکی گشتی لە وەزارەتی پلان دانان وەردەگرێت، ئەمە جگە لە پۆستی راوێژکارێکی لە وەزاەرەتی ئەوقاف.

بزووتنەوەی گۆڕان لەلای خۆیەوە ناوی ئەو پۆستانەی یەکلاییکردۆتەوەو رادەستی سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم دەکات بۆ دەرچوونی مەرسوم، ئەو ناوانەی لەلای بزووتنەوەی گۆڕانەوە نێردراون،" بەهرۆز عەلی بۆ پۆستی راوێژکاری میدیایی ئەنجومەنی وەزیران، هەڵۆ سەڵاح چاوشین کاندید بۆ پۆستی بەرێوەبەری گشتی وەزارەتی پالاندانان، شێخ رەزا بۆ پۆستی راوێژکار لە وەزارەتی ئەوقاف".

هەر لەبەر رۆشنایی ئەو کۆبوونەوەیەی تیمی حکومەتی گۆڕان و مەسرور بارزانی بووە کە لە مانگی رابردوودا سازکراوەو هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیانی سەردەمی پێکهێنانی کابیەنی نۆهەمی حکومەتی هەرێم، ئاواتی شێخ جەنابیش دوای چەند مانگێک لە دەوام نەکردن لە وەزارەت گەڕاوەتەوە سەر پۆستەکەی وەک وەزیری دارایی.





PM:04:37:14/05/2022