ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: گروپێكی تیرۆرریستیمان دەستگیركرد


ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "توانیومانە گروپێكی تیرۆریستی دەستگیر بكەین كە پلانیان هەبووە لە رێگەی مووشەكەوە هێرش بكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بەنداو، شوێنە گشتییەكان و فەرمانگە حكوومییەكان".

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لە هەوڵە بەردەوامەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەپێناو ئارامی و ئاسایش بۆ هاونیشتمانییان و هەرێمی كوردستان، هێزەكانی ئەنجومەنی ئاسایش و پێشمەرگەی كوردستان، لە رێكەوتی 4ی ئایاری 2022 لە سنووری پارێزگای دهۆك، توانییان گروپێكی تیرۆریستی سەر بە پەكەكە دەستگیر بكەن و دەست بە سەر 9 مووشەكی جۆری كاتیۆشای 107 ملم و سەكۆی مووشەكیدا بگرن".

ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەكردوە "دەزگاكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، گروپێكی تیرۆریستی سەر بە پەكەكەیان دەستگیر كردووە كە پلانیان هەبووە لە رێگەی مووشەكەوە هێرش بكەنە سەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، بەنداو، شوێنە گشتییەكان و فەرمانگە حكوومییەكان".

هەروەها باسی لەوەكردووە "لە ئاكامی لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ ئەندامانی ئەو گرووپە تیرۆریستییەدا، دەركەوت، لە لایەن پەكەكەوە راسپێردراون تا هێرشی مووشەكی بكەنە سەر (بارەگای لقی 17 پ. د. ك، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، وێستگەی كارەبا، بەنداوی دهۆك و چەند شوێنێكی گشتیی دیكە)".



PM:08:02:16/05/2022