سودانی بڕیارێکی لە بەرژەوەندی پێشمەرگە دەرکرد

لێخۆشبوونی گومرگی بۆ کەرەستە سەربازییە هاوردەکراوەکانی پێشمەرگە دەرکرا و وەزارەتەکەش بڕیارەکە بە " دەستەکوتێکی گرنگ" وەسف دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند" دوای کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کە بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردە دەرکران".

ڕوونیشیکردەوە بە پێی بڕیارەکان، لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کەرەستە سەربازییانە دەرکرا کە وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگەدا هاوردەیان دەکات.

وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند" ئەم بریارە دەبێتە دەسکەوتێکی گرنگ بۆ مێژووی هێزی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان".

وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستەڕوو " کە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەشداربوونی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تێگەیشتنی زۆری محەمەد شیاع سودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هۆکاری سەرەکی بوون بۆ دەرکردنی ئەم بریارە".


AM:11:47:09/05/2024