" لەمانگی داهاتووە کێشەی نەمانی پارە بۆ مووچە لە سلێمانی چارەسەر دەکرێت"

لە مانگی داهاتووەوە کێشەی نەبوونی نەختینەی پارە لە بانکەکانی سلێمانی چارەسەر دەکرێت و چێتر قەرەباڵغی و دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە نامێنێت.

ئەمڕۆ لە هەولێر سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ پارێزگارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی راپەڕین و گەرمیان کۆبووەو بۆ تێگەیشتن لەدۆخی داهات لەو ناوچانە، لەو کۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی بڕیاری داوە کە لەمانگی داهاتوەوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.

هەروەها لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیار دراوە کە بەدواداچوون بۆ کۆکردنەوەی داهات لەو ناوچانە بکرێت و هۆکاری کێشەکان دیاریکرێت و رێگا چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.

ماڵپەڕی " سپی " رۆژی یەک شەممە بڵاویکردەوە کە سەرۆکی حکومەت لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و هەردوو پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین لەسەر روونکردنەوەی داهات لەو دەڤەرە کۆدەبێتەوە، بڕیاربوو کۆبوونەوەکە دوێنێ ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی سەفەری قوباد تاڵەبانیەوە بۆ پرسەی میری ئیمارات کۆبوونەوەکە دواکەوت بۆ ئەمڕۆ.

ئەمەش پاش ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا مەسرور بارزانی رایگەیاند کە هەموو شتێک بە حسابە و ئەو لەگەڵ بەرپرسانی ئەو ناوچەیە کۆدەبێتەوە کە بۆ داهات کەمیکردووە.



PM:03:46:17/05/2022