ڤیدیۆ.. نەوەی نوێ ئامادە نییە لە گەڵ سەرۆکی هەرێمدا کۆببێتەوە

 وته‌بێژی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ رایگه‌یاند، "سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتویانه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئێمە ره‌ت مانکردووەتەوە،".

 

ئەمڕۆ ٢١ی ئایار شەممە، هیمداد شاهین، وته‌بێژی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ رایگه‌یاند، "سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌وانیان وتوه‌ كه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی شاسوار عه‌بدولواحید، سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌كه‌ ده‌كات، به‌ڵام ره‌تیانكردوه‌ته‌وه‌، ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئێمە وترا سەردانەکەی سبەی تەنها دانیشتنێکی ئاساییە، بۆیە لەم کاتەدا نەوەی نوێ پێی باش نەبو دانیشتنێکی لەو جۆرە ئەنجام بدرێت".

 

هەرلە قسەکانیشیدا وتی "بێگومان سەرۆکایەتی هەرێم بە ئێمەشیان وتوە، کە سەردانی کاک شاسوار بکەن وەک سەرۆکی جوڵانەوە، ئێمە مەبدەئییەن دەرگا بە رووی هیچ کەس و لایەنێک داناخەین، بەڵام بەڕاستی سەرۆکی نەوەی نوێ وەک پێشتر رایگەیاندبوو لەسەر کێشەی خەڵک و گرفتەکانی هاوڵاتییان ئامادەیە دانیشتن بکات، نەک تەنها لە پیناو وێنەگرتن و دانیشتنی پڕۆتۆکۆڵی".

 

 ئەمەش لەکاتێکدایە وابڕیارە سبەینێ یەکشەممە ٢٢ی ئایار سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سلێمانی بکات لەگەڵ هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەڵاحەدین بەهائەدین، عەلی باپیر و عومەر سەید عەلی کۆدەبێتەوە، هەروەها بەشداری لە مەراسیمی خولی١٦ی دەرچوانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان دەکات.



PM:04:35:21/05/2022