ناوچە سنوورییەکانی ئامێدی بۆردوومان کرا و دوو کەس گیانیان لەدەستدا

‌وێنە.. ئەرشیف
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٢ تۆپخانەکانی تورکیا بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی ئامێدیان كرد لە پارێزگای دهۆك، کە بەهۆیەوە دوو هاوڵاتی بوونە قوربانی. 
 
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەوورووبەری (سەیرانگای نێروەیا لە نزیک گوندی ئەرەدەنا لە سنوری بامەڕنێ) سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بە چڕی بۆردومان كرد. 

هەر بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی بۆردومانەکەوە دوو منداڵ کە یەکێکیان تەمەنی شەش ساڵە و ئەوی دیکەشیان کە تەمەنی چوار ساڵە گیانیان لەدەستدا و هاوڵاتییەکی دیکەش بریندار بوو. 

ماوەی چەند ساڵێكە فڕۆكەکانی توركیا بە بەردەوامی بۆردومانی گوند و قەزا و ناحییەكانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆك دەكەن، کە هەندێک جار زیانی گیانی و ماددی لێدەکەوێتەوە و دانیشتوانی سنورەکان تووشی ئاوارەی و بەجێهێشتنی شوێنەکانیان دەبنەوە.


PM:07:21:26/05/2022