دابەشکردنی بەنزینی (٦٩٠) دیناری لە سلێمانی دەستپێدەکاتەوە

قائیمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕێکی زۆر بەنزینی عێراقی لە جۆری ٦٩٠ دیناری دەگاتە سلێمانی و لە ڕێگەی وێستگەکانەوە بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکرێت". 

ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" لە  چەند رۆژی ئایندەدا بڕێکی باش بەنزینی عیراقی لە جۆری (٦٩٠) دیناری دەگاتە پارێزگای سلێمانی". 

ئەوەشی خستەڕوو، ماوەیەکە ناردنی ئەو جۆرە بەنزینە بۆ سلێمانی راگیراوە پێشتر چەندین جار حکومەتی خۆجێی سلێمانی داوای کردووە ئەو بەنزینە بۆ سلێمانی بنێردرێت، بەڵام بەھەر ھۆکارێک بێت دابین نەدەکرا.

لە بارەی بەردەوامبوونی ناردنی ئەو جۆرە بەنزینە بۆ سلێمانی قایمقامی سلێمانی باسی لەوەکرد، بەڵێن دراوە رۆژانە ناردنی ئەو جۆرە بەنزینە لە بەغدادەوە بۆ پارێزگای سلێمانی بەردەوام بێت. 

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ژمارەیەک لە شۆفێرانى تەکسى لە بەردەم بیناى پارێزگاى سلێمانى لە دژى گرانبوونى نرخى بەنزین گردبوونەوە و ڕێگاى سەرەکى (سلێمانى – کەرکوک)یان بەڕووى هاتوچۆکەراندا داخست.


PM:03:01:30/05/2022