پارێزگاری هەولێر: دوو بودجە بۆ كێشەی كەمئاوی تەرخانكراوە


پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی گرفتی كەمئاوی هەیە، بەڵام دڵنیایی دەدەن بە هاووڵاتییان كە بەردەوام دەبن لە خزمەتكردنیان و تانكەر بۆ ئەو گەڕەكانە دابین دەكرێت كە بیرەكانیان كێشەیان هەیە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا  رایگەیاند "چەند مانگێكە لە سنووری پارێزگای هەولێر هۆشداریمان لە هاوینێكی قورس داوە، بۆ دابینكردنی ئاوی پاك بۆ ماڵان لە مانگی 11ی ساڵی رابردووەوە هەموو ئامادەباشییەكمان كردبوو".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "دڵنیایی بە هاوڵاتیانی دەدەین كە لە پێش رووداوەكانین و چەند مانگێكە دەستمان بە رێكارەكان كردووە، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پاڵپشتیی تەواومان كراوە و دوو بودجەی پێویست بۆ دەربازبوون لە گرفتەكانی ئەمساڵ بۆ پارێزگای هەولێر دابینكراوە".  

خۆشناو وتی "بودجەیەكیان حەوت ملیار و 600 ملیۆن دینارە بۆ لێدانی 138 بیری دیكە لە سنووری پارێزگای هەولێر و بودجەكەی دیكەش چوار ملیار و 700 ملیۆن دینارە بۆ چارەسەركردنی كێشە تەكنیكییەكانی بیرەكان و راكێشانی كارەبا لە موەلیدەی گەڕەكەكان بۆ بیرەكان".  

  



PM:07:16:04/06/2022