لە چوار مانگدا ١٧ ملیار دینار زیان بەر كێڵگە پەلەوەرییەكان كەوتووە


سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان رایدەگەیەنێت، لەماوەی چوار مانگدا زیانی زۆر بەر خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان كەوتووە و زۆربوونی نەخۆشی پەلەوەری و گرانبونی پێداویستیەكان هۆكارێكی سەرەكین لەخراپی رەوشی هۆڵەكانی بەرهەمهێنانی مریشكی زیندوو.

نازم عەبدوڵا جاف، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەسنوری پارێزگای سلێمانی بە (سپی) راگەیاند، بەپێی بەدواداچونەكانیان لەهەموو هەرێمی كوردستاندا لەماوەی ئەم چوار مانگەدا ئەگەر ٧٠٠ هۆڵ زیانی بەركەوتبێت هەر هۆڵێك ٢٥ ملێۆن دینار بێت زیانەكەی دەكاتە زیاتر لە  ١٧ ملیار دینار زیان بەر خاوەن پرۆژەكان لە هەرێمی كوردستان كەوتووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "زیانەكان زۆر لەوە زیاترە، بەڵام ئێمە بەڕێگەی كەمتر دەیخەینە بەرچاو لەبەرئەوەی نرخی تەواوی كاڵاكان لەسەر خاوەن كێڵگەكان گران بووە و نەخۆشیش بەردەوام لەزیادبوونە".

نازم جاف وتی "ئەگەر حكومەت هاوكاریان نەبێت و پشتیوانیان نەكات لە ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان ئەوا كەرتی پەلەوەر بەتەواوی مایەپوچبونی خۆی ڕادەگەیەنێت و چیتر بەرگەی ئەو هەمو زەرەرو زیانە ناگرن".



PM:10:20:04/06/2022