سەرۆکی هەرێم: ده‌بێت پێکهاتەکان خۆيان خاوه‌نى بڕيارى خۆيان بن

ئەمڕۆ دووشەممە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ نوێنەری پێكهاته‌كان کۆبوەوە و رایگەیاند" ڕێگه‌ به‌ هيچ هه‌وڵێك بۆ سنورداركردنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان نادرێت". 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى پێكهاته‌كان و په‌رله‌مانتا‌ران و نوێنه‌رانيان، كۆبوه‌وە، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا نوێنه‌رانى پێكهاته‌كان بيروبۆچوونى خۆيان ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ياساى هه‌ڵبژاردن و پارێزگارى له‌ مافه‌كانيان خسته‌ڕوو. 
نێچیرڤان بارزانى لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ده‌بێت پێکهاتەکان خۆيان خاوه‌نى بڕيارى خۆيان بن و بيروبۆچون و بڕياره‌كانيان ڕێزلێگيراو بن، هەروەها ڕێگه‌ به‌ هيچ هه‌وڵێك بۆ سنورداركردنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان نادرێت به‌تايبه‌تى له‌ پرسى هه‌ڵبژاردن و نوێنه‌رايه‌تيكردنياندا له‌ په‌رله‌مان و دامه‌رزاوه‌كانى ديكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، به‌ پێچه‌وانه‌وە تا له‌ توانادايه‌ ده‌بێ گرنگي زياتر به‌ مافه‌كانيان بدرێت. 


PM:07:01:06/06/2022