دوو لەو شۆفێرانەی لەسەر گردبوونەوەی هەرزانكردنی بەنزین گیرابوون ئازادكران


دوو لەو شۆفێری تەكسییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەبەردەم پارێزگای سلێمانی گردبونەوەی ناڕەزاییان كرد بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین، ئازادكران و بەڵێنی ئازادكردنی دوو شۆفێرەكەی دیكەش دراوە.

كاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندووە "دوای هەوڵەكانم هەر لەڕێگای یاداشتەوە لەئەنجومەن لەگەڵ پارێزەری خۆبەخش و دڵسۆز زمناكۆ سەلیم و هاوڕێیانمان بۆ ئازادكردنی شۆڤێرانی تەكسی كە هەشت ڕۆژ بوو لەزیندان بوون ئەوەش بۆ گردبوونەوەی بەڵێ بۆ هەرزانكردنی نرخی بەنزین بەشداربوون سەردانی بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانیم كرد و كاك هیوا بەڕێوەبەر دەستبەجێ داوای لێكردین ڕێكارە یاساییەكان بگرینەبەر بۆ ئازادكردنی كۆسەڵان ڕەئوف و حاجی گۆران، ئەوەبوو مەڵبەندی حزبی شوعی لە سلێمانی ئەركی كەفالەكەیان لەئەستۆ گرت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بۆ دوو شۆفێرەكەی دیكەش كاك هیوا بەڵێنی پێداین كە لەم هەفتەیەدا بەهەموو شێوازێك پشتیوان دەبێت بۆ ئازادكردنی ئەوانی دیكەش كە لەسەر سكاڵای ئەفسەرێكی پێشمەرگە لەزیندان ڕاگیراون، پەیوەندیم كرد بە ئەفسەری سكاڵاكار، ئەویش لاری نەبوو  سكاڵاكەی بكشێنێتەوە".




PM:09:41:07/06/2022