دوای دەستلەكاركێشانەوەكانی سەدر، چوارچێوەی هەماهەنگی كۆدەبێتەوە


بڕیارە لە چەند كاتژمێری داهاتودا سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەماڵی هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر لە بەغدا كۆببنەوە.

توركی ئەلعەتبی، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندووە "لە چەند كاتژمێری داهاتودا سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەماڵی هادی عامری كۆدەبنەوە، كۆبونەوەكەش تایبەت كراوە بە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرسی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر و داهاتوی پرۆسەی سیاسی عێراق دوای كشانەوەی گەورەترین فراكسیۆن لە پەرلەمان".

ئەمشەو موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەرد فەرمانی بە پەرلەمانتارەكانی كرد نامەی دەستلەكاركێشانەوە پێشكەشی سەرۆكی پەرلەمان بكەن، ئەوانیش داواكەیان جێبەجێكرد و نامەكانیان رادەستی محەمەد حەلبوسی كرد، ئەویش رەزامەندی لەسەر دەستلەكاركێشانەوەكان دەربڕی.

فراكسیۆنی سەدر گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراق كە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كە لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو 73 كورسی لە كۆی 329 كورسی پەرلەمان بەدەستهێنا.



PM:09:42:12/06/2022