ئەژی ئەمین وەڵامی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری دەداتەوە


لەبارەی ئەو روونکردنەوەیەی ئەمڕۆ ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری بڵاویکردەوە لەسەر بەخشینی ئەژی ئەمین لە بەرێوەبەری ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری، سەرچاوەیەکی نزیک ناوبراو ئەو زانیاریانە رەتدەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە ئەژی ئەمین تایبەت بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند" ئەژی ئەمین هیچ وەلآمێکی ئەو روونکردنەوە بێ ناوەرۆکە ناداتەوە".

ئەو کەسە نزیکەی ئەژی ئەمین وتیشی" ئەگەر ئەم فەرمانە ٢٧ ی ئازار دەرچووبێت، ئەوان ١٠ ی ئازار هێزێکی میلشیای کردۆتە سەر دەزگای زانیاری کە دەزگایەکی حکومییە، گەر ٢٧ ی ئازار فەرمانی لادانی ئەژی ئەمین دەرچووە، لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە کە دەسەڵاتێکی تەشریفاتییە، دەبێتە ئەو فەرمانە بچێتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لەوێ تەسدیق بکرێت، دواتر بچێتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش تەسدیقی بکات و رازی بێت ئینجا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

جۆینی تێلیگرامی سپی میدیا لەم لینکەوە بکە..


ئەو سەرچاوەیەی نزیک ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت" بەپێی روونکردنەوەکە دەبێت مامۆستا ئەژی بەخشرابێت، ئەگەر بەخشراوە بەچی بەخشراوەو، گواستراوەتەوە بۆ کوێ و، کێ لە شوێنی دانراوە".

ئەو سەرچاوەیە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەگەر سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارەکەیان دەرکردایە، ئەو بەیانی دەستلەکاردەکێشێتەوە.

سەرچاوەکەی نزیک ئەژی ئەمین داوا دەکات، ئەگەر ئەوانەی روونکردنەوەکەیان بڵاوکردۆتەوە راستدەکەن با بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش بڵاوبکەنەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە ١٣ ی حوزەیران، ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری ڕوونكردنەوە لەسەر ئەژی ئەمین بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، لە پۆستەكەی بەخشراوە.

ئاژانسەكە لە ڕوونكردنەوەكەدا دەڵێت " كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ئاگاداردەكەینەوە كە بەڕێز (سەلمان ئەمین نادر) ناسراو بە (مامۆستا ئەژی) بە فەرمانی هەرێمی ژمارە (69) لە ڕێككەوتی 2022/3/27 لە پۆستەكەی بەخشراوە و هیچ پەیوەندییەكی بە ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری نەماوە".

هەروەها هاتووە " ئەو كار و چالاكییانەی ناوبراو بڵاویاندەكاتەوە پەیوەندی بە ئاژانسەكەیانەوە نییە".

ئەو ڕوونكردنەوەیە دوای ئەوە بڵاوکرایەوە کە ئەمڕۆ ئەژی ئەمین سەرۆکی پێشووی دەزگای زانیاری لە پەیجی خۆی وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا نامەی دەستبەکاربوونی داوەتە "حاکم والی” بڵاوکردەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی سپی، ئەو حاکم والییە ماوەی نزیکەی دوو هەفتە دەبێت چۆتە هەولێر و ناوبراو لە تەقینەوەی کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگیەوە، نێردراوەتەوە ماڵەوەو دەوامی نەکردووە.



PM:09:56:13/06/2022