بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبێتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ئەنجامی دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەنجام دەدات.
ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم پرسانەی خوارەوە تاوتوێ دەکرێت:
- ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لە بەغدا تایبەت بە ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی.
- ڕەوانەکردنی ڕاپۆرتی ژمارە (٣) تایبەت بە یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان.
- کۆنووسی لیژنەی باڵای چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداری کریستیانەکان.
- پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (١٣٢) تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی (١٥%) لەو پێشینانەی حکومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک (پێشینەی خانووبەرە و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری) و پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش و سزای دواکەوتن و سوود لەسەر باج و ڕەسم.