ناوەڕۆكی رێككەوتنی پارتی و چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشكرا دەكرێت


پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەشداریكردنی حیزبەكەی لە كۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا، لە چوارچێوەی ڕێككەوتن لە نێوان پارتی و چوارچێوەی ھەماھەنگیدا بووە و دەڵێت، چوارچێوەی ھەماھەنگیی لەسەر مەرجەكانی پارتی ڕەزامەندن.  

سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، شاندێكی پارتی بە سەرۆكایەتی د. فوئاد حوسێن، لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی كۆبوونەتەوە و لێك تێگەیشتن ھەیە لە نێوان پارتی و چوارچێوەی ھەماھەنگیدا.   

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، "بەر لە كۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێككەوتنی مەبدەئییش ھەبووە لەبارەی بەشداریی فراكسیۆنی پارتییەوە لە كۆبوونەوەی ڕابردووی پەرلەمانی عێراقدا و لە بەرانبەردا چوارچێوەی ھەماھەنگی ڕەزامەندن لەسەر مەرجەكانی پارتی بۆ پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق، سەرۆك بارزانی جەختی لە مەرجەكانی پارتی كردووەتەوە كە ڕێككەوتن و شەراكەت و هەماهەنگییە ئەوانیش بەو مەرجانەی پارتی ڕازین.''  

شێروانی رونیكردۆتەوە  ''لە بەیاننامەی فڕاكسیۆنەكانی بەشدار لە كۆبوونەوەی پێنجشەممەی پەرلەمانی عێراقدا بەڕوونی ئاماژە بەوە كراوە كە ئەولەویەتی كارەكانیان چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا و، دەركردنی یاسای نەوت و غازە، ئەوەیش سەرەكیترین داواكاری ئێمەیە لەگەڵ كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی ھەرێم.''  

هەروەها دەڵێت  ''دوای كۆتاییھاتنی پشووی پەرلەمان، لە ٩ی مانگی داھاتوودا پڕۆسەی پێكھێنانی حكومەتی عێراق بەڕێوە دەچێت، پێشتریش پارتی ھەوڵی زۆری ھەبووە تا ھەموو لایەنە عێراقییەكان لە حكومەتدا بەشدار بن، ھەتا سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوماڵی شیعە، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و محەمەد حەلبووسی ناردە حەنانە بۆ لای سەدر، تا چوارچێوەی ھەماھەنگییش لە حكومەتدا بەشدار بێت و كێشەكانیان چارەسەر بكەن.''  



AM:12:14:26/06/2022