"داهاتی نەوت بەرزترین ئاستی لە مێژوویدا تۆمار کرد"

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی ڕابردوو ئاشكراكرد و ڕایگەیاند" داهاتى نەوتى هەناردەکراو زیاتر لە ١١ ملیار دۆلار بووە". 

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان لەمانگی رابردوودا بڕی ١٠١ ملیۆن و ١٩١ هەزار و ٢٣٦ بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكان هەناردەكراوە.


سەبارەت بە داهاتى ئەو بڕە نەوتەش، وەزارەتى نەوتى عێراق روونیکردۆتەوە، تێکڕاى نرخى نەوت لە مانگى حوزەیراندا (١١٣ دۆلار و ٧٠ سەنت) بووە، بەوپێیەش داهاتى نەوت لەو مانگەدا ١١ ملیار و ٥٠٥ ملیۆن دۆلار بووە، کە ئەمەش زۆرترین داهاتی نەوتی بووە لە مێژووی عێراقدا. 

ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو نەوتەی مانگی رابردوو هەناردەكراوە ٩٧ ملیۆن و ٩٨٠ هەزار و ٥٨٩ بەرمیلى لە کێڵگە نەوتییەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق بووە و دوو ملیۆن و ٩١٠ هەزار و ٨٨٧ بەرمیلیشى لە کەرکوکەوە بۆ بەندەرى جەیهان بووە، تێکڕاى هەناردەى ڕۆژانەش سێ ملیۆن و ٣٧٣ هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا". 


AM:09:25:02/07/2022