پارێزگاری هەولێر: ناتوانین بڵێن بەنزینی ٨٠٠ دیناری کوالێتیەکەی باشە

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٧ی حوزەیران، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ناتوانن بڵێن بەنزینی ٨٠٠ دیناری بەنزینێکی باشە.

 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا  لەبارەی کوالێتی ئەو بەنزینە ٨٠٠ دینارییەی بەسەر شۆفێراندا لە وێستگەکانی بەنزین دابەشدەکرێت، دەڵێت " ناتوانین بڵێین کوالێتی بەنزینی ٨٠٠ دیناری باشە، بەڵام لەچاو نرخەکەیدا کوالێتیی بەنزینەکە گونجاوە، رۆژ لە دوای رۆژیش کوالێتییەکەی باشتر دەبێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی سەرچاوەی بەنزینەکە گۆڕدراوە".


باسی لەوەشکرد، بە گوێرەی پلانەکانی حکومەتی هەرێم، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پاڵاوگەی لاناز لە هەرێمی کوردستان بکرێتەوە، کە ئەمەش کوالێتی بەنزینی ٨٠٠ باشتر دەکات و کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی جۆرەکانی دیکەی بەنزینیش دەبێت.

لەبارەی خراپ بوونی ئۆتۆمبیلەکان بەهۆی بەنزینەکەوە دەڵێت "رەنگە بەشێک لەو ئۆتۆمبێلانە بەهۆی خراپی کوالێتی بەنزینی ٨٠٠ دینارییەوە سووتابن، بەڵام مەرج نییە سەرجەمیان بەوهۆیەوە بێت، بەڵکو هەندێک جار کەمتەرخەمی شۆفێر و هەڵەی تەکنیکی حاڵەتی سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی لێدەکەوێتەوە".


ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر شۆفێری ئۆتۆمبێلێک توانی بیسەلمێنێت کە ئۆتۆمبێلەکەی بەهۆی خراپی کوالێتی بەنزینەوە سووتاوە، ئەوە ئەو کاتە دەتوانێت لە سکاڵا دژی ئەو بەنزینخانەی تۆماربکات، کە ئەو بەنزینەی لێوەرگرتووە، هەروەها دەتوانێت داوای قەرەبووکردنەوەی سووتانی ئۆتۆمبێلەکەی لە خاوەنی بەنزینخانەکە بکات، ئێمەش وەک پارێزگاری هەولێر  رێککاری یاسایی بەرامبەر بەنزینخانەکە دەگرینەبەر.



PM:03:55:07/07/2022