"لە چەند مانگی داهاتوودا نرخی ماددە خۆراكییەكان هەرزان دەبێت"

بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لە چەند مانگی داهاتوودا شمەك و ماددە خۆراكییەكان نرخەكانیان هەرزان دەبێت". 

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری بازرگانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكدا بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند" ماوەی چەند مانگێكە ژمارەیەك لە سەرمایەداران و بازرگانان داوای مۆڵەتیان كردووە، كە شمەك و ماددە خۆراكییەكان هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن كە ئەوەش پەیوەندی بە بڕیارەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەیە تایبەت بە هەڵگرتنی باج و ڕسومات لەسەر ماددە خۆراكییەكان و پێشتر لە ١٦ی نیسانی ئەمساڵەوە تاوەكو ١٦ی حوزەیران بڕیاری هەڵگرتنی باج لەسەر ماددە خۆراكییەكان درابوو و جارێكی دیكەش حكومەت بڕیارەكەی درێژكردەوە". 

ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە

ئاماژەی بەوەشکرد، لە كۆگاكانی هەرێم ماددەی خۆراكی پێویست هەن و ئەو بازرگان و سەرمایەدارانەی داوایانكردووە شمەك و ماددە خۆراكییەكان هاوردە بكەن كاریگەری ئەرێنێ لەسەر دابەزاندنی نرخەكانیان دەبێت، چونكە هەر ماددەیەكی خۆراكی لە بازاڕدا زیاد بێت خواست لەسەری كەمدەكات و ئەوەش وادەكات نرخەكەیان هەرزانبێت و بۆ ئەوەش لە چەند مانگی داهاتوودا كاریگەرییەكانیان دەردەكەوێت.


PM:04:30:09/07/2022