بەرپرسێكی باڵای حكومەت زانیاری نوێ سەبارەت بە داهاتی نەوت ئاشكرا دەكات

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری دارایی و ئابووری رایگەیاند، لە شەش مانگی رابردوودا نەوتی هەرێم تێكڕا بە ٩٥ دۆلار فرۆشراوە و %٤٨ی داهاتەكەی بۆ موچە بووە.  

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری دارایی و ئابوری بە كوردستان ٢٤ی راگەیاندووە "لە شەش مانگی رابردوو ٧٣ ملیۆن بەرمیل نەوتمان فرۆشتووە، لە مانگی یەك بە ٧٤ دۆلار، لە مانگی دوو بە٨٨ دۆلار، لە مانگی سێ بە ٩٩ دۆلار، لە مانگی چوار بە ٩٣ دۆلار و لە مانگی پێنج بە ١٠١ دۆلار و لە مانگی شەش ١٠٩ دۆلار فرۆشتوومانە، تێكڕا بە ٩٥ دۆلار نەوتی هەرێمی كوردستان فرۆشراوە، لەم شەش مانگە ٦ ملیار و ٩٥ ملیۆن دۆلار داهاتی نەوت هەبووە، %٤٨ی دابینكراوە بۆ موچە. لە رابردوودا %٣٠ی فرۆشی نەوت دراوەتە موچە".  

حەملان ئاماژەی بەوەكردووە، ٣ ملیار و ١٩١ ملیۆن دۆلار خەرجكراوە‌ بۆ مووچەی ئەم شەش مانگەی رابردوو، كە مووچە لە كاتی خۆی دراوە. لەو بڕە پارەیە، كە دابەشكراوە، تەنیا ٤٠٠ ملیار دیناری هی حكومەتی عێراقە.   

ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێم وتویەتی "تێكڕای مانگانەی داهاتی نانەوتی ٢٠٠ ملیۆن دۆلارمان دەست دەكەوێت، كە داهاتی باج و گومرگ و رسوومات و فڕۆكەخانەكانە".  

هەروەها دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی قەرزمان نەكرد، توانیمان لە داهاتی نەوت یەك ملیار و ٦٦٦ ملیۆن دۆلار قەرز بدەینەوە، واتە ئەو قەرزەی لە رابردوو باس دەكرا، بەشێكی زۆری كەمكراوەتەوە".  




PM:10:54:10/07/2022