ئەنجومەنی ئاسایش: ئەنجامدەرانی هێرشەكەی گوندی خدرجیجە كوژران


ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "لە تۆڵەی شەهیدكردنی ١٠ پێشمەرگە و سێ برا كە ساڵی رابردوو لە گوندی خدرجیجەی سنووری مەخموور لە هێرشێكدا شەهید كران، یەكێك لەو چەكدارانەی كە سەرپەرشتی هێرشەكەی كردووە لەگەڵ سێ چەكداری دیكە كراونەتە ئامانج و كوژراون".
 
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئەو چەكدارانە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراق خۆیان حەشاردابوو، بەڵام بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان توانییان شوێنەكانیان دەستنیشان بكەن و بكرێنە ئامانج و بكوژرێن".
 
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "هێرشی تۆڵەكردنەوە لەو هێرشكارانەی داعش لە ٥ـی تەممووزی ٢٠٢٢ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان ئەنجامدراوە و توانراوە (حاچم محەممەد رشید ربیع الاسحاقی) و سێ چەكداری دیكە كە یەكێكیان ناسراوەتەوە بە ناوی (ساڵح مەحموود عەتییە جبووری) كە ئەمیری مەفرەزەیەكی داعش بووە لە چیای قەرەچووخ، بكرێنە ئامانج و لە ئەنجامدا هەموویان كوژراون".
 
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان روونیكردۆتەوە "كەسێكی دیكەی بە ناوی ( ق، ی، ح، ا) دەستگیركراوە و لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا، دانی بەوەدا ناوە كە ئاسانكاری و هاوكاریی لۆجستی و بۆ مەفرەزەكانی چەكدارانی داعش كردووە".

لە سەرەتای مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر گوندی خدرجیجەی سەر بە قەزای مەخموور، لە هێرشەكەدا ١٠ پێشمەرگە و سێ برا بە ناوەكانی ئازاد، بارزان و نازم كوژراون.





PM:07:45:14/07/2022