هاتووچۆی هەولێر شۆفێران و هاوڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە

لە راگەیەنراوێكدا بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر سەرجەم شۆفێران و هاوڵاتییان بە (١٧) خاڵ ئاگادار دەکاتەوە و دەڵێت" هەر شۆفێرێک سەرپێچی بکات سزای یاسایی دەدەرێت". 

دەقی ئاگادارییەکە: 

١- لە کاتی سەرکەوتن لە دەروازەکانی شەقامی خێرا دەبێت شۆفێران لە سایدی تاودان بمێننەوە و خێراییەکانیان زیادبکەن، تاکو دەگاتە خێرایی شەقامەکە، ئینجا بێنە ڕێڕەوی خێرا، لەسەر شوفێرانی سەر رێگای خێرا ئەرکە ئاسانکاری بۆشۆفێران بکەن بۆ هاتنە ناو شەقام. پێشینە بۆکەس نیە لەو حاڵەتە.

٢- دەبێت شۆفێران رێڕەوی ئەوپەڕی چەپ تەنها بۆ تێپەڕاندن بەکاربێنن، نابێت بە بەردەوامی لەسەری بڕۆن.

٣- مانۆری تێپەڕاندن دەبێت بە تەنها لەلای چەپ ئەنجامبدەن لە ئۆتۆمبێلەکانی تر، بەهیچ شێوەیەک لولخواردن و هەوڵی تێپەڕاندن لەلای راست رێگاپێدراونیە.

٤- دەبێت بە بەردەوام ماوەیەکی بێوەیی جێبهێلرێت لەنێوان ئۆتۆمبێلەکان کە ئەگەر رۆیشتنەکە بە ئەوپەڕی خێرایی رێگە پێدراو بێت، لەو حاڵەتە ماوەکە کەمتر نەبێت لە ١٠٠ مەتر یان ٣ چرکە.

٥- دەبێت بارهەڵگرەکان لەڕێڕەوی ئەوپەڕی راست بڕۆن وە بەخێراییەک کە ئەو پەڕی ٨٠ کیلۆمەتر بێت لە کاتژمێرێک.

٦- ماتۆڕسکیلی سێتایە و پایسکل و مۆپید قەدەغەیە شەقامی خێرا بەکاربێنن لەژێر هەر بیانویەک بێت.

٧- بەکارهێنانی مۆبایل و ئامێرەکانی پەیوەندی لەکاتی لێخوڕین لەشەقامی خێرا یان هەرشەقامێکی تری ئاساییش بەهەمو شێوەیەک قەدەغەیە.

٨- پەڕینەوە و رۆیشتنی پیادەکان لەسەر شەقامی خێرا بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

٩- هەموو وەستان و بەیەکتر گەیشتن و چاوەڕێکردنێک بۆ ئۆتۆمبێلەکان قەدەغەیە، تەنها لە حاڵەتی وەستانی لە ناکاونەبێت، کەئەویش دەبێت بەپێی بنەماکانی هاتوچۆ بێت و لەلای راستی شەقام بێت و فسفۆری ئاگادارکردنەوە دابنرێت لەدوای ئۆتۆمبێلە وەستاوەکە.

١٠- دەبێت ئەو بارهەڵگرانەی شەقامی خێرا یان هەر شەقامێکی تر بەکاردێنن بەباشی بارەکانیان ببەستنەوە و رەچاوی بەرزی و بەرینی بارەکان بکەن کە لەسنوری یاسایی بێت.

١١- هەموو کڕین و فرۆشتنێک لەسەر شەقامی خێرا قەدەغەیە هەرکەسێک ئەو کارەبکات سزادەدرێت.

١٢- لەکاتی دەرچوون لەشەقامی خێرا دەبێت بەر لە یەک کیلۆمەتر ئامادەکاری بکرێت بەگرتنی لای راستی رێگاکە، رۆیشتن بەهەمان خێرایی تاکو دەگەنە مەودایەکی زۆر نزیک لە دەرچە، دواتر لەناو رێڕەوی دەرچە خێراییەکان کەم بکەنەوە لە شەقامەکە دەربچن بەبێ ئەوەی دەرچوونەکەیان کاربکاتە سەر شۆفێرانی دیکەو ناچاریان بکات کەوا رێڕەویان بگۆڕن، یان خێراییان کەم بکەنەوە.

١٣- بە هەموو شێوەیەک پێشبڕکێکردن و نمایشکردن و سەرکێشی کردن قەدەغەیە.

١٤- نابێت گۆڕینی ڕێڕەو لەوپەڕی چەپ بۆ ئەو پەڕی راست بەیەکجار بکرێت، بەپێچەوانەوەشەوە، بەڵکو دەبێت ڕێڕەو بەرەبەرە بەپێی رەخسانی هەلی گونجاو بگۆڕدرێت.

١٥- بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنانی "رەماش" بۆ ناچارکردنی شۆفێرانی تر بۆ رێگاکردنەوە قەدەغەیە .

١٦- بەهەموو شێوەیەک لەکاتی هەڵەکردنی رێگا یان بەهەر هۆکارێکی دیکە، قەدەغەیە بەرەو دواوە "بەگێڕی بەگ" بگەڕێنەوە، بەمەبەستی توشنەبوون بە رێگاهەڵەکردن دەبێت هێما رێگانیشاندەرەکان بخوێننەوە کە بەدرێژایی رێگایەکان دانراون.

١٧- رۆیشتنی ئامێرەکانی کشتوکاڵی و بیناسازی وەک تراکتۆر و دەڕاسە و شۆڤڵ و گرێدەر و عادیلە و هەر ئامێرێکی دیکە کە خێراییەکەی لە ٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک کەمتربێت قەدەغەیە، دەبێت بەهۆی گواستنەوەی تایبەت بگوازرێنەوە.


PM:12:45:16/07/2022