لەبارەی دروستبوونی کێشە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو هۆشداری دەدرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دروستبوونی کێشە بۆ مووچەی مانگی داهاتوو پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئەم سزادان و گەمارۆدانە چارەسەر نەبێت نەدانی مووچەی مانگی داهاتوو زیاتر دەبێت".   
 
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" تائێستا بەشێک لە موچەخۆرانی ئیدارەی سلێمانی موچەی مانگی پێشویان وەرنەگرتووە، هۆکاری نەدانی ئەوەیە کە لە ئیدارەی سلێمانی دەبێت ٤٣ ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی سنوری خۆی دابین بکات، بەڵام ئێستا دەڵێت، ناتوانم ئەم پارە دابین بکەم".  

ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە

ئەوەشی خستەڕوو، کێشەکە هەر مووچە نییە، سەرجەم بەنداو، پرۆژەی ئاو، ڕێگاوبان، شارەوانی، تەندروستی و کڕینی دەرمان و چەندین پڕۆژەی دیکە لە سنوری ئیدارەی سلێمانی وەستاوە، تەنانەت لە ١٤ی ئەم مانگەوە پارە نەبووە بەنزین بۆ ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن بکڕن و بە قەرز تێی دەکەن.  

جەختیشیکردەوە، ئەم کێشە چارەسەر نەکرێت مانگی داهاتوو گرفتی مووچە و ڕاگرتنی خزمەتگوزاری زۆر گەورەتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چارەسەر ئەوەیە کە حکومەت بەرپرس بێت لە کۆکردنەوەی داھاتی ھەموو پارێزگاکان و بەدادپەروری دابەش بکرێت، ئەم دوو ئیدارەییە و گەمارۆدانەی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیداری گەرمیان و ڕاپەڕین کۆتایی بێت.


PM:02:10:19/07/2022