شەپۆلێکی باران بارین لە سەرەتای مانگی داهاتوو ڕوو لە هەرێم دەکات

بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی باران بارین ناوچەكانی كەنداو دەگرێتەوە و لە سەرەتای مانگی داهاتووشدا یەكەم شەپۆلی باران بارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

 

ئەمڕۆ چوار شەممە، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، "پێشبینی دەكرێت لە ڕۆژانی داھاتوو بۆ كۆتایەكانی ئەم مانگە نزمە پاڵەپەستۆی ھیندی چالاكتر ببێت و بڕێكی زیاتری شێ لە ھیندستان و دەریای عەرەبەوە بگاتە ناوچەكانی وڵاتی عومان و یەمەن و زۆربەی ناوچەكانی وڵاتی سعودیە لەگەڵ درێژبوونەوەی كاریگەریەكانی بۆ سەر باشور و رۆژئاوای وڵاتی ئێران پێشبینی بارانبارینی زۆر دەكرێت".

 

ئەوەشی باسکردووە، ئەگەر ھەیە ھەمان حاڵەت لەسەرەتاكانی مانگی داھاتوودا ڕوو بكاتە كوردستانی ڕۆژھەڵات و بەكاریگەری كەمتریش بۆ سەر ناوچەكانی باشور و ڕۆژھەڵاتی ھەرێمی كوردستان درێژ بێتەوە لە ئەنجامدا كەش گونجاو بێت لەو كاتەدا ئەبێتە ھۆی چالاكبوونی ھەورە بروسكە و بارانبارین بەرێژەی جیاواز لە ھەندێ ناوچەدا بەتایبەت لە سنوری پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی.

 

وتیشی  "ئەوەی لە ئێستادا ھەیە بەدوور نابێت لە گۆڕانكاریەكان، چونكە زیاتر لە ١٢ ڕۆژی داھاتوو دەكات، بەڵام ئیشەڵا جێگیر ئەبێت و ھەندێ باران ناوچەكانمان دەگرێتەوە و ئەم حاڵەتە ئاساییە و ھەندێ ساڵ لە وەرزی ھاویندا بە دەگمەن بارانبارینی لەم شێوە ڕووی كردۆتە بەشێكی ناوچەكانمان، كە نزمە پاڵەپەستۆی ھیندی و دەریای عەرەب لەوپەڕی چالاكیدا بووە."



PM:07:16:20/07/2022