ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دژی توركیا چەند بڕیارێكی دەركرد


ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق بڕیاریدا باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشت بكرێت بۆ گەیاندنی ناڕەزاییەكان لەبارەی ئەو بۆردوومانەی كە سنووری شاری زاخۆی گرتەوە.

ئەنجوومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق لەبارەی بۆردوومانەكەی ئەمڕۆی زاخۆوە كۆبووەوە و لە راگەیێندراوێكدا چەند بڕیارێكی دەركرد.  
 
بەپێی راگەیەنراوەكە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكرێت  باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشت بكات و سەركۆنەی عێراقی لەبارەی ئەو ھێرشەوە پێ رابگەیێندرێت و لەهەمانكاتدا هەڵسوڕێنەری كاروباری عێراق لە ئەنقەرە بانگهێشت بكرێتەوە بەمەبەستی گفتوگۆكردن و راگرتنی رێوشوێنەكانی ناردنی باڵیۆزی نوێی عێراق بۆ توركیا.
 
هەروەرها بڕیادراوە كە داوای لە توركیا بكرێت بەفەرمی داوای لێبووردن بكات و سەرجەم هێزەكانی لەناو خاكی عێراق بكشێنێتەوە. 
 
هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق  فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی راسپاردووە راپۆرتێك ئامادە بكەن لەبارەی ئەو رووداوە، لەهەمانكاتدا هاوئاهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت بەمەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی یەكلاییكەرەوە بۆ رێگری لەو پێشێلكاریانە.
 
لەبەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردوە "بەكارهێنانی خاكی عێراق بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێكان و بوونی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و گروپە چەكدارەكان لەسەر خاكەكەی رەتدەكەنەوە".




PM:10:56:20/07/2022