جێنین پلاسخارت: هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر زاخۆ بێباکییەکی شۆکهێنەرە

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایدەگەیەنێت" هێرشەکەی تورکیا بۆسەر زاخۆ، کە بە ناوچەیەکی گەشتیاری ناسراوە، بێ باکییەکی شۆکهێنەرە بۆ گیانی خەڵکی سڤیل". 
 
جنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە وتارێکیدا لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رایگەیاند" زۆر گرنگە هەموو هێرشەکان بۆسەر خاکی عێراق بوەستێن، ئەم پێشێلکارییانە نەک تەنیا بێباکانە گرژییە نێوخۆی و هەرێمییەکان زیاد دەکەن، بەڵکو هەروەکو بینیمان، دەبنە هۆکاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە". 

وتیشی" ئەم هێرشانەی توركیا بێ باکییەکی شۆکهێنەرە بۆ سەر گیانی خەڵکی مەدەنی و لە هێرشەکەشدا پاراستنی گیانی هاوڵاتییان ڕەچاونەکراوە". 

نوێنەرەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق ڕەتیدەکاتەوە خاکەکەی وەک گۆڕەپانێک بۆ ململانێ دەرەکی و هەرێمییەکان سەیر بکرێت، کە وڵاتانی دراوسێ یان هەر لایەنێکی دیکە، پێشێلی سەروەری و یەکپارچەی خاکەکەی بکەن. 

دەقی وتارەکەی جنین پلاسخارت:
 
زۆر سوپاس بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ زۆر سوپاس بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ خستنەڕووی دوایین زانیاری لەسەر هێرشی تراژیدی ئەم دواییەی سەر قەزای زاخۆ لە سنووری پارێزگای دهۆک کە گیانلەدەستدانی 9 کەسی سڤیل و برینداربوونی 33 کەسی دیکەی لێکەتەوە. لە دوایین وتارم لەبەردەم ئەم ئەنجوومەنە، چونکە ئەمە یەکەمجارم نییە کە تۆپباران و مووشەکباران بخەمەڕوو، هۆشداریمدا کە "ئەمە رێگەیەکی زۆر مەترسیداری بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانە، هەروەها رێگەیەکە کە زیاتر دەوڵەتی عێراق" لاوازدەکات.
 
تاوەکو ئێستا ئەوەی دەیزانین ئەمەیە:
 
دوای نیوەڕۆی 20ـی تەممووز، پێنج گولە تۆپ بەر هاوینەهەواری پەرەخ کەوتن. هاوینەهەوارەکە شوێنێکی گەشتیاریی ناسراوە. هەروەکو لەم کاتەی ساڵدا پێشبینی دەکرێت، لە گەشتیاران جمەی دەهات و منداڵیش لەوێ بوون.
 
یەکەم تۆپباران بەر تەپۆڵکەیەک کەوت کە بەسەر پەرخەدا دەڕوانێت، بەڵام تۆپبارانی دووەم ناوجەرگەی هاوینەهەوارەکەی کردە ئامانج، هەروەکو وتم، 9 کەسی کوشت کە لەنێویاندا سێ منداڵ هەبوون، یەکێکیان منداڵێکی یەک ساڵان بوو؛ 33 کەسی دیکەی بریندارکرد. 11 لە بریندارەکان نەشتەرگەریان بۆ کراوە و باری تەندروستی سێیان ناجێگیرە.
 
راستەوخۆ دوای هێرشەکە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران لیژنەیەکی پێکهێنا. هەر لە هەمان رۆژ، لیژنەکە سەردانی شوێنی هێرشەکەی کرد بۆ ئەوەی شوێنەکە بەچاوی خۆی ببینێت، بەڵگە کۆبکاتەوە و قسە لەگەڵ شایەتحاڵ و خەڵکی ئەوێ بکات.

پشتئەستوور بە هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگانەی کۆکرانەوە، حکومەتی عێراق بە روونترین شێوە رووداوە تراژیدییەکەی خستە ئۆباڵی هێزە چەکدارییەکانی تورکیا. لە هەمان کاتدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە "تورکیا دژی هەر جۆرە هێرشێکی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سڤیلە و ئامادەشە هەموو هەنگاوێک بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان بگرێتەبەر" و داوای کرد "لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق تاوەکو هیچ راگەیێندراوێک لەژێر هەژموونی قسە و باس و پڕوپاگەندەی رێکخراوی تیرۆریستی بڵاونەکاتەوە و هەروەها هاوئاهەنگی بکات لە ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی راستەقینەی ئەو رووداوە تراژیدییە."
 
رۆژی دواتر، لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵاتییەکانەوە باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا رایگەیاند: "هاوخەمی بۆ برا عێراقییەکانمان دەردەبڕین کە لەسەردەستی رێکخراوی پەکەکەی تیرۆرست شەهیدکران."
 
لە هەمان کاتدا، هەر لە 20ـی تەممووز، باڵی سەربازیی پەکەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەتیکردەوە لەو شوێنانە پێگەیان هەبووبێ و تورکیای بە هێرشەکە تۆمەتبارکرد.
 
بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە وەڵامی ئەو هێرشە تراژیدییە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە هەمان رۆژدا ئەنجامدا. ئەنجوومەنەکە بە تووندی سەرکۆنەی کرد و گوتی: "هێرشی دڕندانەی تورکیا"، هەروەها رەتیکردەوە خاکی عێراق وەکو بنکەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و "یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەکاربهێندرێت."
 
لە راگەیەندراوەکەدا وەزارەتی دەرەوە راسپێردرا راپۆرتێک لەبارەی "هێرشە دووبارەبووەکانی تورکیا" بۆسەر عێراق ئامادەبکات و هەروەها باڵیۆزی تورکیا بانگهێشتبکات و باڵیۆزی عێراقیش لە ئەنقەرە بانگبکاتەوە، بێ ئەوەی باڵیۆزێکی نوێ بنێردرێتە تورکیا. وەزارەتی کاروباری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا کە حکومەت"لە باڵاترین ئاستی دیپلۆماسی وەڵامی دەبێت،" لەنێویاندا لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
لە 21ـی تەممووز، سەرکردەکانی عێراق لە هەموو پێکهاتەیەکی سیاسی کۆبوونەوەیەکیان لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامدا و راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و سەرکۆنەی "هێرشی تورکیایان" کرد و "پشتگیرییان بۆ رێوشوێنی بەرزکردنەوەی سکاڵا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەربڕی."
 
لە 23ـی تەممووز، سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا لەدوای کۆبوونەوەکە، هەردوولا "سەرکۆنەی تووندی هێرشەکانی تورکیایان لەنێو خاکی عێراق" کرد.

لە 23ـی تەممووز، ئەنجوومەنی نوێنەران کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو رووداوە، ئەوەش بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری، سوپاسالار و هەروەها جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان. لە وتارەکەی لە بەردەم پەرلەمان، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا کە  لە 2018وە 22700 پێشێلکاری تورکیا دژی سەروەریی عێراق تۆمارکراون؛ ئەو ئاماژەی بەوەش دا کە لە 2018ەوە وەزارەتی دەرەوە 296 یاداشتنامەی ناڕەزایی دژی "دەستوەردانی" تورکیا پێشکەشکردووە. لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان پێشنیازیکرد هێزەکانی پەکەکە لە عێراق دەربکرێن، تەواوی هێزەکانی تورکیا بکشێنەوە، هێزی فیدراڵیی عێراقی لەسەر سنوور لەگەڵ تورکیا بڵاوبکرێتەوە، رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێندرێنەوە ئەگەر هەبێت، هەروەها چاو بە بودجەی بەرگری بخشێندرێتەوە بۆ ئەوەی توانا سەربازییەکانی [عێراق] بەهێزبکرێت.
 
لێرەوە، لەکاتێکدا هیچ کەسێک حەزی بە هەڵچوونی زیاتر نییە، عێراق داوادەکات تورکیا لەتەواوی خاکی عێراق بکشێتەوە و دوای لێکۆڵینەوەیەکیش دەکات.
 
بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەم هێرشە قێزەونە بۆ سەر ئەم شوێنە ناسراوە کە ناوچەیەکی گەشتیاری ناسراوە، بێ باکییەکی شۆکهێنەرە بۆ گیانی خەڵکی سڤیل و هەروەها بۆ ستانداردە قبووڵکراوەکانی نێودەوڵەتی پەیوەست بە یاسا مرۆییەکان و هەروەها مافەکانی مرۆڤ. لەکاتێکدا هەموو لایەنەکانی بەشدار لە هەر پێکدادانێک پێویستە هەموو رێوشوێنێکی کردەیی بگرنەبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە زیانگەیاندن بە خەڵکی سڤیل لە هەموو کاتەکاندا بەدووربگرن، لەو هێرشەدا ئەمە لەبەرچاو نەگیرا.
 
لە گفتوگۆکانی دوێنێمدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو جارێکی دیکە جەختی لە گرنگی لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و تێروتەسەل کردەوە کە سەربەخۆیانە بێت و بە هاوبەشی بێت. ئەو وتی گرنگە کە کۆتایی بە گومانەکان و رەتکردنەوەکان، هەروەها تێنەگەیشتن و هەڵچوونی گرژییەکان بهێنین. لە هەمان کاتدا، من لەوە تێدەگەم کە تورکیاش ئامادەیە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق پرسەکە یەکلابکەنەوە تاوەکو بزانن رێک چی روویدا.
 
بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەروەکو چەندین جار لە ساڵانی رابردوو وتوومە، عێراق وەک مافی خۆی رەتیدەکاتەوە وەکو گۆڕەپانێک بۆ ململانێ دەرەکی و هەرێمییەکان سەیربکرێت، بکرێتە گۆڕەپانێک کە تێیدا وڵاتانی دراوسێ یان هەر لایەنێکی دیکە، بەشێوەیەکی رۆتینی و بەپارێزبەندییەوە پێشێلی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی بکەن.
 
لەڕاستیدا، زۆر گرنگە هەموو هێرشەکان بۆسەر خاکی عێراق بوەستێن. ئەم پێشێلکارییانە نەک تەنیا بێباکانە گرژییە نێوخۆیی و هەرێمییەکان زیاددەکەن، بەڵکو هەروەکو بینیمان، دەبنە هۆکاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە.


PM:12:01:27/07/2022