چوارچێوەی هەماهەنگی راگەیەنراوێكی بەپەلەی بڵاوكردەوە


چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنێت "پێویستە حكومەتی عێراق رێوشوێنی پتەو بگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و رێگریكردن لە دروستكردنی ئاژاوە و كارە نایاساییەكان، داواش لە گەلی عێراق دەكەین زیاتر هۆشیار بن لەبەرامبەر پیلانی دوژمنان".

چوارچێوەی هەماهەنگی لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "دوای ئەوەی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی هەنگاوە كردارییەكانیان بۆ دەستپێكردنی پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزاری نیشتمانی تەواو كرد و بە كۆی دەنگ رێككەوتن لەسەر كاندیدكردنی كەسایەتییەكی نیشتمانی كە بە كارایی و دەستپاكییان ناسراوە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "تێبینیمان كردوە لە دوێنێوە، جوڵە و بانگەوازی گوماناوی هەیە كە هانی ئاژاوە و وروژاندنی ناكۆكی و ناڕەزایەتی دەدەن، بۆیە ئێمە حكومەتی خەمخۆر بە تەواوی بەرپرسیار دەزانین لە ئاسایش و سەلامەتی فەرمانگەكانی حكومەت و كارمەندەكانیان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان، موڵك و ماڵی گشتی و تایبەت، داواش دەكەین كە ڕێوشوێنی پتەو بگرنەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و ڕێكوپێكی و ڕێگریكردن لە ئاژاوە و كارە نایاساییەكان".

چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوەكردوە "داوا لە گەلی عێراقی ئازیزمان دەكەین كە زیاتر هۆشیار و وریا بن لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان و ڕوبەڕوی هەر فیتنەیەك ببنەوە كە خەڵك و ڕۆڵەكانی دەبنە سوتەمەنی ئاگرەكەی".

هەروەها دەڵێن "ئێمە لەگەڵ ئێوەین و لە نێو ئێوەداین، خەمی ئێمە پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی گەلی ئازیزمانە، هەرگیز بێهیواتان ناكەین".

ئەمڕۆ لایەنگرانی سەدر دژی كاندیدكردنی محەمەد شیاع سودانی، كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆپیشاندانیان كرد و چوونە ناوچەی سەوز و بۆ ماوەیەكیش چوونە پەرلەمانی عێراق.




PM:08:10:27/07/2022