سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی: كاندیدی سەرۆك وەزیران ناگۆڕین


عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە رایدەگەیەنێت، چوارچێوەی هەماهەنگی محەمەد شیاع سودانی كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ناگۆڕن و ئێستاش تۆپەكە لە گۆڕەپانی لایەنە كوردییەكانە بۆ رێككەوتن لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار.  

عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە كە بەشێكن لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە كەناڵی (BBC) راگەیاندووە "شتە سەرنجڕاكێشەكە ئەوەیە كە لایەنێكی سیاسی ناسراو خۆپیشاندانێك پەسەند دەكات و هێرش دەكاتە سەر ناوچەی سەوز و ئەنجومەن لە نوێنەران، ئەمە نیشاندەرێكی نەرێنییە چونكە ڕەوتە سیاسییەكان پابەندن بە چوارچێوەی یاساییەوە، ئەم خۆپیشاندانە چوارچێوەی یاسایی تێپەڕاند."  

حەكیم ئاماژەی بەوەكردووە "ڕەوتی سەدری نەیتوانی دوو لەسەر سێ بەدەست بهێنێت و سەركەوتوو نەبوو لە پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ هاوپەیمانی سێ، و بڕیاریدا لە پەرلەمان بكشێتەوە، هیوامان دەخواست چاوەڕێی پێكهێنانی حكومەت بكات و هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای خۆی بكات و دواتر خۆپیشاندان بكات، ناعەقڵانییە هەر كات خۆپیشاندانێك روویدا كاندیدەكەمان بگۆڕین".  

هەروەها دەڵێت "چوارچێوەی هەماهەنگی بە كۆی دەنگ لەسەر كاندیدەكەی محەمەد شیاع سودانی رێككەوتوون و بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت، كە ئێستا پرسەكە لەسەر گۆڕەپانی كورد چڕبووەتەوە بۆ رێككەوتن لەسەر" كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار".  

  



PM:12:47:29/07/2022