لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەستیان بە خۆپیشاندان کرد

لە كاردانەوەی خۆپیشاندانی سەدرییەكاندا كە ماوەی چەند ڕۆژێكە چوونەتە ناوچەی سەوز و بارەگای ئەنجومەنی نوێنەرانیان كۆنترۆڵكردووە، کەمێک پێش ئێستاش لە شاری بەغداد لایەنگرانی چێوارچێوەی هەماهەنگی دەستیان بە خۆپیشاندانەکان کرد. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٢ ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نزیك پردی (موعەلەق) لە ناوەڕاستی بەغداد گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا، هاوکات هێزێکی زۆری ئەمنیش بڵاوەی پێکراوە بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی.
ئەم هەنگاوەی چوارچێوەی هەماهنەنگی وەك وەڵامدانەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنگرانی ڕەوتی سەدرە، كە ماوەی چەند ڕۆژێکە چوونەتە ناوچەی سەوز و لەناو بارەگای پەرلەماندا مانگرتنی كراوەیان ڕاگەیاندووە. 

هەر ئەمڕۆش هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لە تویتێکدا داوایكرد" قەیرانەكە چارەسەربكرێت و پێش دەرچوونی دۆخەكە لە كۆنترۆڵ فریای چارەسەركردنی بكەون". 


PM:05:07:01/08/2022