بەرپرسێكی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، رێكخستنەوە لە بنبڕكردنی دوو مووچە و مووچەی نایاسایی كراوە و تاوەكو ئێستاش ٣١ هەزار و ٣٨٢ ئەفسەر و پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەژمێری بانكیان بۆ كراوەتەوە و هێزەكانی 70 و 80یش دەخرێنە سەر وەزارەت.
عەقید فەرمان فەرهاد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی میرە لە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە "تاكو ئێستا ٢٠ لیوا لە هێزەكانی پێشمەرگە بە هەماهەنگی هێزەكانی هاوپەیمانان یەكخراونەتەوە و دوو لیوای دیكەش لە ژێر پڕۆسەی یەكخستنەوەدان، بڕیاریشە ساڵی داهاتوو بە هەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆكایەتی ئەركان، تەواوی هێزەكانی یەكەی (٧٠- ٨٠) بخرێنەوە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "لە كابینەی نۆیەم گرنگی زۆر بە پێدانی مەشق و راهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كراوە، ئەمەش بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان كراوە، تاوەكو ئێستاش زیاتر ٦٠%ی هێزەكانی پێشمەرگە بەشدارییان لە مەشق و راهێنانە سەربازییەكان كردووە و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامی دەبێت".