داوای زیاد کردنی کرێی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دەکرێت

ئەمڕۆ پێنج شەممە، نوسینگەکانى فێرکردنى شۆفێرى لە سلێمانى داواى زیادکردنى نرخى کرێی لێخوڕینى ئۆتۆمبێل دەکەن و ١٠رۆژ مۆڵەت دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ وەڵامدانەوەیان

 

هەر کەسێک لەئێستادا بیەوێت مۆڵەتى شۆفێرى دەربکات، جگە لە خوێندنى تیۆرى، پێویستە هەشت وانەى ٤٠ خولەکى لە نوسینگەکان بخوێنێت بۆ فێربوونى شۆفێرى بەپراکتیکى کە نرخى هەر وانەیەک ١٣هەزار دینارە، ئەوەش وەک مەرجێکى سەرەکى بۆ دەرکردنى مۆڵەتى تایبەت

 

ئاکۆ محەمەد نوێنەرى نوسینگەکانى فێرکردنى شۆفێرى لەسلێمانى رایگەیاند،" دواى ئەوەى نرخى بەنزین بەرزبووەوە داوایان کردووە نرخى وانەى پراکتیکى بەرزبکرێتەوە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە"

 

باسی ئەوەشی کرد، ئێستا کارەکە قازانجى زۆر زۆر کەمبووەتەوە، بەهۆى بەرزى نرخى بەنزین و پارچەکانى دیکەى ئۆتۆمبێل.

 

 ئاکۆ محەمەد باسى لەوەشکرد، هەفتەیەک بۆ ١٠ رۆژ مۆڵەت دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەگەرنا هەڵوێستى دیکە دەگرنەبەر.  



PM:06:35:04/08/2022