(سپی) زانیاری نوێ لەسەر دەستگیرکردنی ژمارەیەک پەرلەمانتاری نەوەی نوێ بڵاودەکاتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانییەوە ژمارەیەک پەرلەمانتاری جوڵانەوەی نوێ دەستگیرکراون".

سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجوومەنی نوێنەری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" هەریەک لە ڕێبوار عەبدولڕەحمان، ئومێد محەمەد، بەدریە ئیبراهیم، پەرلەمانتارانی عێراق، لە کاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەوە ،لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانییەوە دەستگیرکراون". 

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد، لە قەزای ڕانیەش مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا. 

پێشتر جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" زیاد لە (٣٠) ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەکدار چواردەوری ئۆفیسی سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێیان داوە و چەندین پەرلەمانتار و سەرکردایەتی نەوەی نوێ دەستگیرکراون". 


PM:05:53:06/08/2022