لە نامەیەکدا پلاسخارت لە مەترسییەک ئاگادار دەکرێتەوە

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە نامەیەکدا کە ئاڕاستەی جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق کردووە، دەڵێت" درێژكردنەوەی ماوەی كاری دامەزراوەكان پەنای بۆ نەبردرێت، ئەگەر لە پێشەكیدا گرفتەكان چارەسەر نەكرێن". 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" ڕوونە ئێستا كەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ ئەو وادەیەی سەرۆكی هەرێم دیاری كردبوو بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بە پێی یاساش كۆمسیۆن شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەكارییەكان، جگە لەوە كێشەی كارانەكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش وەك خۆی ماوەتەوە، كەواتە ئەوانە بەڵگەی بەهێزن كە هەڵبژاردن ناكرێت". 

ئەوەشی خستەڕوو، هاوكات تەمەنی شەرعیەتی یاسایی هەر سێ دامەزراوەی (پەرلەمان ، حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم) كەمتر لە سێ مانگی ماوە، لە هەمان كاتدا بەهۆی بوونی كاری پێشینەی هێزە سیاسییەكان لە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان بە بیانووی جیاجیا (كە هیچ كام لە هەڵبژاردنەكانی هەر پێنج خولی رابردوو لە وادەی خۆیاندا ئەنجامنەدراون)، ئەوا بە دڵنیاییەوە هێزە سیاسییەكان تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژدەكەنەوە.

ئەوەش هاتووە" رێگەدان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی هەرسێ دامەزراوەكە بە بێ چارەسەری كێشەی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن، خولانەوەیە لە بازنەی بۆشدا، بۆ نمونە ئەگەر ساڵێك زیاتر یان كەمتر تەمەنی كاركردنیان درێژیش بكرێتەوە، ئەوا ساڵی داهاتوو جارێكی تر هەمان كێشە (كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن) دووبارە دەبنەوە بە لەمپەر بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و بیانوێك دەبن بۆ هێزە سیاسییەكان كە دووبارە هەڵبژاردن دوادەخەن و تەمەنی پەرلەمان درێژدەكەنەوە". 

لە بەشێکی تری نامەکەدا باس لەوەش کراوە، پێویستە درێژكردنەوەی ماوەی كاری دامەزراوەكان پەنای بۆ نەبردرێت، ئەگەر لە پێشەكیدا گرفتەكان چارەسەر نەكرێن، یاخود هاوكات بەیەكەوە بكرێنە یەك پاكێج، واتە درێژكردنەوەی ماوەی كاری دامەزراوەكان، لەگەڵ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەمواری یاسای هەڵبژاردن، لە پێناو  ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بێت، نەك لە دوای درێژكردنەوەكە باس لە چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردن بكرێت.

دەقی نامەکە: 

بەڕێز/ جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق

بابەت/ سەرنجێك سەبارەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان

پاش سڵاو و رێز...

ئێمە وەك رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لە رابروودا لە چەندین یاداشت و بەیاننامە كێشە و چارەسەر و هەنگاوەكانی بەردەم ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانمان خستۆتە ڕوو. بەرێزیشتان لە چەند مانگی پێشوودا دوو جار لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان كۆبوونەتەوە و بەرچاوتان ڕوونە لە ووردەكارییەكان، بۆیە پێویست ناكات جارێكی تر ئێمە كێشەوگرفتەكان بە ووردی باس بكەین، بەڵكو قسە لەسەر هەنگاوی چارەسەر كردن و ئەركی ئێوە لەو چوارچێوەیەدا دەكەین.

بەرێز خاتوو پلاسخارت... ڕوونە ئێستا كەمتر لە دوو مانگ ماوە بۆ ئەو وادەیەی سەرۆكی هەرێم دیاری كردبوو بۆ ئەنجامدانی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەپێی یاساش كۆمسیۆن شەش مانگی پێویستە بۆ ئامادەكارییەكان، جگە لەوە كێشەی كارانەكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردنیش وەك خۆی ماوەتەوە، كەواتە ئەوانە بەڵگەی بەهێزن كە هەڵبژاردن ناكرێت. 

هاوكات تەمەنی شەرعیەتی یاسایی هەر سێ دامەزراوەی (پەرلەمان ، حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم) كەمتر لە سێ مانگی ماوە. لە هەمان كاتدا بەهۆی بوونی كاری  پێشینەی هێزە سیاسییەكان لە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان بە بیانووی جیاجیا (كە هیچ كام لە هەڵبژاردنەكانی هەر پێنج خولی رابردوو لەوادەی خۆیاندا ئەنجامنەدراون)، ئەوا بە دڵنیاییەوە هێزە سیاسییەكان تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان درێژ دەكەنەوە.

بەڕێز خاتوون... ئێمە پێمان وایە پەرلەمانی كوردستان و هێزە سیاسییەكان لە رابردوودا كاتێكی زۆریان لەبەردەم بوو بۆ چارەسەری كێشەكانی بەردەم هەڵبژاردن و ئەنجامدانی لە كاتی خۆیدا، بەڵام خەمساردانە هەنگاویان ناو لەسەرەتاوە كردیان بە بیانوو بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و سەركەوتووش بوون لەو هەنگاوەیان كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا نەكرێت، بۆیە ئێستاش رێگەدان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی هەرسێ دامەزراوەكە بە بێ چارەسەری كێشەی كۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن، خولانەوەیە لە بازنەی بۆشدا، بۆ نمونە ئەگەر ساڵێك زیاتر یان كەمتر تەمەنی كاركردنیان درێژیش بكرێتەوە، ئەوا ساڵی داهاتوو جارێكی تر هەمان كێشە (كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن) دووبارە دەبنەوە بە لەمپەر بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن و بیانوێك دەبن بۆ هێزە سیاسییەكان كە دووبارە هەڵبژاردن دوادەخەن و تەمەنی پەرلەمان درێژ دەكەنەوە. واتە درێژ كردنەوە بێ چارەسەری گرفتەكان هەنگاوێكی ترە بۆ ئەوەی هێزەكان خەم ساردتر بجوڵێنەوە لە داهاتوو وە هاوكاریان دەبێت درێژە بە چارەسەر نەكردنی ئەو گرفتە بدەن بۆ ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن.

بۆیە بەرێز پلاسخارت ئێمە داواكارین لە بەرێزتان درێژكردنەوەی ماوەی كاری دامەزراوەكان پەنای بۆ نەبردرێت، ئەگەر لە پێشەكیدا گرفتەكان چارەسەر نەكرێن، یاخود هاوكات بەیەكەوە بكرێنە یەك پاكێج. واتە درێژكردنەوەی ماوەی كاری دامەزراوەكان، لەگەڵ دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن، كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، هەمواری یاسای هەڵبژاردن، لە پێناو  ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بێت، نەك لەدوای درێژكردنەوەكە باس لە چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردن بكرێت.

بەداخەوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا هێزە سیاسییەكان بەمەبەست كاتیان بەفیڕۆدا بە مەرامی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا. هەر بۆیە  لە ئێستادا ئەركی بەرێزتانە هاوكاری درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانێك نەبن بەبێ چارەسەری كێشەكانی بەردەم  هەڵبژاردن كە خواستی زۆرینەی خەڵكی كوردستان و بەشێك لە هێزە سیاسییەكانە. بە پێچەوانەوە هەوڵەكانی بەڕێزتان لەم پرۆسەیەدا دەبێتە بەشێك لەو سیناریۆیەی هێزە سیاسییەكان كە دەیانەوێت درێژە بە دواخستنێكی تری هەڵبژاردنەكان بدەن لە ئاییندەدا.

لەگەڵ رێزدا

وێنەیەك بۆ:

-سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.
-سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.
-سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان.
-كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی.
-سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان

 ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان


PM:02:51:07/08/2022