یەكێتی و كۆمەڵی دادگەریی راگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە


یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایدەگەیەنێت "پێویستە لایەنە كوردییەكان كۆدەنگی زیاتریان هەبێت و بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخ و پێشهاتەكان بكەن".

ئەمڕۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كوردستان لەشاری سلێمانی كۆبونەوە و لەراگەیەنراوێكدا رایانگەیاند، گفتوگۆ لەسەر دواین پێشهات و روداوەكانی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان كراو تیشك خرایە سەر ئەو ئاڵنگاریانەی كە ئێستا روبەوی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بۆتەوە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، یەكێتی و كۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەكردووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە پێویستە تەواوی كێشەكان بە دانوستان و لەڕێگەی دەستورەوە چارەسەر بكرێن، جەختیشیان لەوەكردەوە كە پێویستە لایەنە كوردییەكان لەم قۆناغەدا هاوهەڵوێست و كۆدەنگ دەبن لەسەر تەواوی پرسەكان و بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ بارودۆخ و پێشهاتەكان بكەن.

هەروەها دەڵێن "پیشوازی لە هەر دەستپێشخەریەك دەكەین بۆ هێوركردنەوەی ئەو بارودۆخە سیاسیەی ئێستا، بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندیەكانی گەلی كورد و پاراستنی مافە دەستوریەكانیدا بێت".



PM:08:54:07/08/2022