ژمارەیەك دەزگای میدیایی راگەیەنراوێك بڵاودەكەنەوە


ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن دژی دەستگیركردنی ژمارەیەك رۆژنامەنووس لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە لە رۆژی خۆپیشاندان داوای وەستانی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسان دەكەن.

ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن لە راگەیەندراوێكدا رایانگەیاندووە "بەداخەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر خۆپیشاندان و نارەزایەتیەك، رۆژنامەنوسان رووبەرووی گرتن  و دەبنەوە و یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 ی تایبەت بەكاری رۆژنامەنوسی پێشێل دەكرێت، لەم خۆپیشاندانانەی چەند رۆژی رابردووی هەرێم جارێكی تر ژمارەیەك رۆژنامەنوس دەستگیركران، و بەشێكی تریشیان تا ئێستا مەترسی دەستگیركردن و هەڕەشەیان لەسەرە".

ئەو دەزگایان ئاماژەیان بەوەكردوە "ئێمە لەم بەیاننامەیەدا داوا دەكەین دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان و ئازاردان و هەڵكوتانە سەریان و دەستگرتن بەسەر كەلوپەلە رۆژنامەوانیەكانیان و شكاندنیان دەستبەجێ رابگیردرێت و هاوڕێی رۆژنامەنووس عەبدوڵا  ئەحمەد، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی كورد نیوز و هەموو ئەو رۆژنامەنووس و هاوڵاتیانەی كە تائێستاش ئازاد نەكراون ئازاد بكرێن".

هەروەها دەڵێن "داوا لە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ناوخۆی و نێودەوڵەتی دەكەین بەدواداچوون بۆ پێشێلكاریەكانی ئەم دوایانەی هێزە ئەمنیەكان بكەن بۆ ئەوەی لەوە زیاتر كاری میدیایی و رۆژنامەنوسی بەرتەسك نەكرێتەوە و هێزە ئەمنیەكان ناجار بكرێن رێز لە رۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەكان و ئازادیی كاری رۆژنامەنووسی بگرن".


ناوی دەزگاكان..

كەناڵی ئێن ئارتی
دەزگای میدیایی ویستگە نیوز
دەزگایی میدیایی بینەرنیوز
دەزگایی میدیایی سەردێڕمیدیا
دەزگایی میدیایی كوردنیوز
دەزگای میدیای ئەنوا پرێس
دەزگای میدیایی ئاوێنە 
رادیۆی دەنگ 
گۆڤاروماڵپەڕی سپی میدیا

٨ی ئابی ساڵی ۲۰۲۲



PM:07:46:08/08/2022