هەڵوێستێكی نوێ لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە


چوارچێوەی هەماهەنگی جەختدەكاتەوە لەسەر پەلەكردن لە یەكلاییكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی نوێ و پەكنەخستنی دامەزراوە دەستورییەكان.

چوارچێوەی هەماهەنگی دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لەسەر بەردەوامی دیالۆگ لەگەڵ هێزە نیشتمانییەكان بەمەبەستی خێراكردنی تەواوكردنی شایستە دەستوورییەكان،  یەكلاییكردنەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار".  

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بەشداربووانی كۆبوونەوەكە هەڵوێستی خۆیان نوێ كردەوە سەبارەت بە پێویستی ڕێزگرتن لە دامەزراوەكان، لە پێشەوەیانەوە دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانانه، هەموو جۆرە دەستدرێژییەكانیان ڕەتكردەوە كە رێگربێت لە ئەنجامدانی ئەركە دەستوورییەكانیان".  

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی داوایان لە هێزە سیاسییەكان كرد پێكەوە كاربكەن بۆ پاراستنی دەستكەوتە دیموكراسیەكان و درێژەدان بە دیالۆگی بنیاتنەر بۆ گەیشتن بە چارەسەر بۆ قەیرانی ئێستا و پێكهێنانی حكومەتێك كە توانای تێپەڕاندنی هەبێت لەو ئاستەنگانەی كە ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە بەتایبەتی لە بواری وزەدا و كەمی ئاو و پەسەندنەكردنی بودجەی فیدراڵی".




PM:10:27:10/08/2022