نەخۆشی شیزۆفرینیا چییە و توشی کێ دەبێت؟

 

شیزۆفرینیا زاراوەیەكی پزیشكی دەروونییە و زۆر بەی کەسەکان لە تێگەیشتن لەواتای شیزۆفرینیا دا گرفتیان هەیە هەر بۆیە شیزۆ فرینیا لە هەردوو ووشەی (شیزۆ) بەمانای دابەش بوون وە (فرینیا) بەمانای ژیری  پێكهاتووە.

 واتە مانای دابەش بوونی ژیری مرۆڤە، بەڵام دابەش بوونی ژیری  بە مانای ئەوە نایەت كە ئەو مرۆڤەی تووشی شیزۆفرینیا بووئیتر دەبێت بە چەند كەسێك و لەكەسێک زیاتر دەبێت.

مەبەست لەوەیە كە پڕۆسیسەكانی ژیری ئەو نەخۆشانە ناتوانن بەكار و فەرمانی ئاسایی خۆیان هەڵبستن و تووشی لێكترازان و تێكچوون دەبن، هەر لەبەرئەوەشە كە شیزۆفرینیا بە شێرپەنجەی ژیری دادەنرێت.

شیزۆفرینیا بە یەکێک لە ترسناكترین نەخۆشییە ژیرییەكان دادەندرێت، کە تاکو ئێستا هۆكارەكانی توشبوونی نەزانراوە وە تێبینی ئەوەش کراوە کە زیاتر تووشی ئەو كەسانە دەبێت كە لە قۆناغی گەنجی وهەرزەکاری دان.

 شیزۆفرینیا یەكێكە لە نەخۆشییە عەقڵیەكان و هەندێك لە تاكەكانی كۆمەڵگا تووشی دەبن كە جاری واهەیە بە یەكجار و كتوپڕ نیشانەكانی دەردەكەوێت و دوای ماوەیەك ئیتر بۆ هەتا هەتایە دەرناكەونەوە، بەڵام لەلای زۆربەی كەس كە تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ئەوا بە زۆری دووبارە دەبێتەوە و تا چارەسەری گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا بەردەوام وەك نەخۆشی شەكرە و پاڵەپەستۆی خوێن دووبارە و چەندبارە دەبنەوە.

ئەگەری ئەوە هەیە كە هەموو كەس تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت واتە تایبەت نییە بە تەمەن و چین و توێژ وە، بەڵام بەزۆری لە قۆناغی هەرزەكاری بەدواوە مرۆڤ تووشیان دەبێت و نیشانەكانی دەردەكەوێت.

منداڵیش تووشی شیزۆفرینیا دەبێت، بەڵام زۆر بەكەمی ئامارەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە ئەگەری ئەوە هەیە لە سەدا یەكی (١%) هەموو كۆمەڵگایەك تووشی ئەم نەخۆشییە ببن.

جۆرەکانی نەخۆشی شیزۆ فرینیا

هیبیفرینیا، بەتەختەبوون، سادە، شیزۆفرینیای دەروونی

هۆکارەکانی توشبوون بە نەخۆشی شیزۆ فرینیا

ئەوکەسەی زیاتر توشی شیزۆفرینیا دەبێت کە  باوك یان دایك یان خوشك و برا، پێشتر تووشی ئەو نەخۆشییە بووبێت، ئەگەرەکەی لە (٥٠%) بەرز دەبێتەوە، هەروەها  لە لای ئەو كەسانەی كە دوانەن و ئەگەرەکە زیاترە کە یەکێکیان تووشی ئەو نەخۆشییە ببێت.

کیمیای مێشک ، کاتێک هاوسەنگی دەمارە گوێزەرەوە کان لەمێشکدا تێکدەچێت ئەوکاتە نیشانەکانی نە خۆشی شیزۆ فرینیای تێدا بەدیار دەکەوێت، کەسی توشبوو گوێبیستی هەندێک دەگ و دیمەن دەبینێت کە کەسانی چواردەوری نایبینن و گوێبیستی نابن هەر بۆیە هەندێک بیڕو باوەڕی نامامەنتیقیان بەرامبەر کەسەکە لا دروستدەبێت.

كەم و كورتی لە بونیاد و پێكهاتەی مێشك، هەندێك لە دەرئەنجامی توێژینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە كاتێك پشكنینیان بۆ هەندێك كەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا كردووە، دەركەوتووە كە كەم و كورتیان لە هەندێك بەشی مێشكیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك كەسی تریش تووشی ئەو نەخۆشییە بوون کە هیچ كەم و كورتیەك لە مێشكیاندا نییە، لە گەڵ ئەوەشدا دەرئەنجامی هەندێك پشكنینی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هەمان كەم و كورتی لە هەمان بەشی مێشك خاوەنەكانیانی تووشی نەخۆشی دەروونی تر كردووە نەك نەخۆشی شیزۆفرینیا، ئەمەش مانای ئەوەیە كە مەرج نییە هەموو كاتێك ئەو كەم و كورتییانە مرۆڤ تووشی شیزۆفرینیا بكات.

لە دەرئەنجامی توێژینەوەیەك كە لە گۆڤاری پزیشكی دەروونی بەریتانی لە ساڵی (2004) بڵاوكرایەوە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر هۆكاری یارمەتیدەر نییە بەڵكو هۆكارێكی گرنگ و سەرەكییە بۆ تووشبوون بە شیزۆفرینیا.

نیشانەکانی توشبوون بە نەخۆشی شیزۆفرینیا

شیزۆفرینیا بۆیەکەم جار لەلایەن زانا(بلویلر) دۆزراوەتەوە وپێی وابووە كە نەخۆشی شیزۆفرینیا لە چەند حاڵەتێكدا خۆی دەبینێتەوە و وەك نەخۆشیی ژیری و دەروونیەكانی تر یەك حاڵەتی نییە و چوار نیشانەی سەرەكی بۆ ناسینەوە و دیاریكردنی نەخۆشی شیزۆفرینیا دیاری کردووە.

گۆشەگیری، خۆ خواردنەوە، سووڕانەوە بە چوار دەوری خۆیدا،  دوورە پەرێزی و دووركەوتنەوە لە كەسانی چواردەوور، نقووم بوون لە جیهانی خەو و خەیاڵ حەزکردن بەخەوتن، هەروەها جوت هەستی واتە نەخۆش دوو هەست و بۆچوونی جیاواز و دژیەكی بەرانبەر یەك بابەت یان یەك كەسی دیاری كراو لەلا دروست دەبێت، تێكچوونی باری سۆز و هەڵچوونی و گۆڕینی مەزاج و تووش بوون بەو حاڵەتەی هەردەمەی لەسەر مەزاجێکبێت.

بەشێوەیەكی گشتی ئەم تێكچوونەی پڕۆسەی بیركردنەوەیە بە زۆر شێواز دەردەكەوێت نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا  جۆراو جۆرن و زیاتر لە نیشانەیەکی هەیە، و لە توشبوویەک بۆ توشبوویەکی تریش نیشانەکان دەگۆرێن و جیاوازن.

یەکێک لە گرنگترین نیشانەكانی نەخۆشی شیزۆفرینیا ئەوەیە كە كەسی نەخۆش ناتوانێت بۆ ماوەیەكی زۆر سەرقاڵی یەك جۆر بیركردنەوە بێت، بەڵكو هەر دوای ماوەیەكی كەم بۆ بابەتێكی تر بیرکردنەوەی دەگۆرێت.

چارەسەر بۆ نەخۆشی شیزۆ فرینیا

دژە سایکۆتیکەکان لە ڕێگەی کەم کردنەوەی دەمارە ڕاگەیاندنی دۆپامین لە نێوەندە گرێکاندا، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە نەهێشتنی نیشانەکانی نەخۆشیەکە، و دەکرێن بە دووکۆمەڵەی کۆن و نوێ.

هەردوو کۆمەڵەکە بەکاردێت بۆ چارەسەری نەخۆشیەکە بە ڕەچاوکردنی تەمەن، کێش، قەڵەوی، بونی نەخۆشی جەستەیی، و چەند هۆکارێکی تری پەیوەند بە دۆخی نەخۆش، بەڵام بە گشتی کۆمەڵە نوێیەکە پەسەندترە لە بەر کاریگەری لە بەرامبەر هەردوو نیشانە ئەرێنی و نەرێنیەکان، و هەروەها بونی زیانی لاوەکی کەمتر.

دژەکۆلینێرجیک ئەم کۆمەڵەیە بەکاردێت لە کاتی پێویست لە ئەگەری دەرکەوتنی زیانی لاوەکی دژەسایکۆتیکەکان.

چارەسەری هزری و ڕەفتاری: بەکاردێت بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە نەرێنیەکان بۆ بیرکردنەوەی ئەرێنی، و هەروەها توانای خۆگونجاندنی نەخۆش لە بەرامبەر نیشانەکانی نەخۆشیەکە باشتر دەکات.

هەندێک خێزان لە ڕوی زاڵبونی لایەنی سۆزداری و کەم شارەزایی لە مامەڵەکردنی دروست لەگەڵ نەخۆشەکە و زۆر ڕەخنەگرتن لە قسە، هەڵسوکەوت، و ڕەفتاری نەخۆش وادەکات نەخۆش زوتر نۆبەی نەخۆشیەکە ی سەرهەڵبداتەوە.

لەم حاڵەتەدا، لە ڕێگەی چارەسەری خێزانی، کەس و کاری نەخۆش فێری مامەڵەیەکی دروست و گونجاو لەگەڵ نەخۆشەکەیان دەکرێت، و ڕۆڵی ئەرێنی لە باردودۆخی نەخۆشەکە ڕەنگدانەوەی دەبێت.


 



PM:02:30:13/08/2022