زستانێکی سەخت بەڕێوەیە

ئەمڕۆ سێشيممە شارەزایەکی کەشناسی ڕای دەگەیەنێت "بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، زستانی داھاتوو یەکێکدەبێت لە زستانە سەختەکان لە وڵاتانی عەرەبیدا کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لێی کە دووچاری زۆرترین شەپۆلی سەرما و بارستە ھەوایە ساردەکان دەبینەوە "

 

ئاراس جەبار، کەشناسی دیاری هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت، "ڕاپۆرتێکی سەنتەری کەشوھەوای عەرەبی جەختدەکاتەوە کە زستانی داھاتوو یەکێک دەبێت لە زستانە سەختەکان لە وڵاتانی عەرەبیدا کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم گۆرانکاریانە دەبێت کە دووچاری زۆرترین شەپۆلی سەرما و بارستە ھەوایە ساردەکان دەبینەوە." 

 

ئەو شارەزایە دەشڵێت "سەرەتا لە ھاوینی ساڵی ڕابردوودا سەھۆڵە جەمسەریەکانی باکوری زەوی جیاواز لە ساڵانی پێشتر کەمترین رێژەی توانەوەیان بەخۆیەوە بینی و لە وەرزی زستانیشدا بەفرێکی زیاتر و سەھۆڵێکی زیاتری لەسەر دروستبوویەوە و ھەوا ساردەکان فراوانتر و بەھێزتربوون لەدەوری ناوچە جەمسەریەکان کە وەک بینیشمان لە سەرەتای ئەمساڵدا مەودایەک شەپۆلێکی بەھێزی سەرما و بەفر بارین ناوچەکانمانی گرتەوە لەچەندین ناوچەدا پلەکانی گەرما بەرادەی تۆمارکردنی ریکۆرد نزمبوونەوەو کەشێکی زۆر ساردی رەخساند کە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبوو". 

 

ناو براو وتیشی "ھاوینی ئەمساڵیش ھەمان دۆخ دووبارە بووەتەوە بەسەر ناوچە سەھۆڵیەکانی جەمسەری باکوردا و بەچڕی ھەوای سارد بەسەر ناوەندەکەیدا کۆبووەتەوە لە ئەنجامی دابەزینی زۆری پەستانی بەرگەھەوا کە ئەمەش وای کردووە لە چاو ساڵی ڕابردووشدا تا ئەم کاتە کەمترین رێژەی توانەوەی بەسەردا بێت کە لەمانگەکانی داھاتوودا سوری دروستبوونەوەی سەھۆڵەکانی دەستپێدەکاتەوە رێژەی زیاتر بەرھەم دەھێنێت لەبەرامبەر تۆمارەکانی چەندین ساڵی ڕابردوودا". 

 

ئاماژەی بەوەشداوە "ئەوەی گرنگە بە نیسبەت ئەم بابەتەوە وەرزی زستانە لە نیوەی گۆی باکوردا کە بەم ھۆکارانەوە بارستە ھەوایە ساردەکان بەھێزتر و فراوانتر ئەبنەوە لە جاران بۆیە لە وەرزی زستانی داھاتوودا ئەمە یەکێک ئەبێت لە ئەگەرەکان کە وڵاتانی خۆمان لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا دووچاری ھاتنی رێژەیەکی زیاتری بارستە ھەوای زۆر بەھێز و ساردی ناوچە جەمسەریەکان ببینەوە لەگەڵ زۆربوونی دابارینەکان بەبەفر و مانەوەی درێژ خایانی شەپۆلەکانی سەرما لەناوچەکەدا بە جۆرێک لەماوەی زستانی ساڵانی ڕابردوودا بەدی نەکرابێت." 

 

 



PM:03:52:16/08/2022