باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دەڕووخێندرێت و دەکرێتە پارک

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ ی ئاب، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دەڕوخێنرێت و شوێنەکەی دەکرێتە پارک.

 

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند " لە داهاتوودا باڵەخانەی پارێزگای هەولێر تێکدەدرێت دەکرێتە پارک، هەموو ئەو کەسانەش کە لە دەوروبەری بیناکە موڵکیان هەیە قەرەبوو دەکرێنەوە و بەشێکیان پێشوەخت قەرەبوو کراونەتەوە ".

 

باسی لەوەشکرد لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە ماستەر پلاندا شوێنی پارێزگای هەولێر بۆ پارک دیاریکرا، لە ٢٠١٤ش باڵەخانەیەک لەسەر شەقامی ٦٠ مەتری بۆ پارێزگای هەولێر دروستکرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە و قەیرانی دارایی تەواو نەبووە، بۆیە گواستنەوەی شوێنی پارێزگای هەولێر بۆ ئەوێ دواخرا.

 

ناوبراو باسی لەوەشکردووە هەر کاتێک باڵەخانەی نوێی پارێزگا تەواو بوو ئەوکات بینا کۆنەکە دەڕوخێنرێت، تاکو ئێستا دیار نییە کەی باڵەخانە نوێیەکە تەواو دەبێت.

 



PM:06:36:16/08/2022