لە شارەوانی سلێمانی بە تۆمەتی تاڵانکردنی زەویەکانی سلێمانی ٣ بەرپرسی پیاو و ئافرەتێک دەستەبەسەرن
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو رسواییە گەورەیەی لە بەتاڵانبردنی زەویدا لە سنوری شارەوانی سلێمانی کراوە، چوار بەرپرسی ئێستاو پێشووی شاروانی سلێمانی کە سیانیان پیاون و یەکێکیان ژنە دەستگیرکراون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە لە رۆژانی رابردوودا بەرپرسی بەشی هونەری و بەرپرسی پێشووی تەجاوزاتی شارەوانییەکە و بەرپرسی پێشووی بەشی ماستەرپلان و بەرپرسێک لە لیژنەی گوندەکان دەستگیرکراون، کە سیانیان پیاون و یەکێکیان ئافرەتە.
هەروەها لیژنەی لێکۆڵینەوە لەو بە تاڵانبردنە رۆژانە ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەرانی شارەوانی بانگ دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە.
ئەم هەنگاوانەی حوکمەت کاتێک دێت کە ژمارەیەک پەرلەمانتار و میدیاکان باس لە بە تاڵانبردنی دەیان هەزار پارچە زەوی دەکەن کە بە نزیکی لە سەرو ٧٠ هەزار پارچە زەویەوەیە، ئەو زەویانە بە ناوی شەهیدانی شەڕی داعشەوە لەلایەن بەرپرسانی دژەتیرۆ و وەزارەتی پێشمەرگەوە بە ئاگاداری پارێزگاری سلێمانی بە نایاسایی فرۆشراون.
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی هەفتەی رابردوو هێزی کۆماندۆی ناردە شارەوانی و دواتر راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە لەسەر ئەو کەسانەی کە پلە و پۆستیان بە کارهێناوە بۆ زیادەڕۆییکردن لە موڵکی گشتی و ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو کەسانە سزادەدرێن.
تا ئێستا ئەو رێوشوێنانە بەس ژمارەیەک بەرپرس و کەسانی دەڵاڵی خوارەوەی گرتۆتەوەو کەسی لەبەرپرسانی باڵای حکومەت و حیزب و بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە و دژەتیرۆر نەگرتۆتەوە.
PM:02:20:24/08/2022