شارەزایەکی بواری هاتوچۆ لەبارەی مۆڵەتی شۆفێری داوایەک لە مەسرور بارزانی دەکات

نوسەر و شارەزایەکی بواری هاتوچۆ لەبارەی گۆڕینی مۆڵەتی شۆفێری، داوایەک ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت" فێربوونی شۆفێری بە شێوازە کلاسیکییەکەی سەردەمی ڕژێمی پێشوو، کە لە هەولێر پێی دەوترێت "کوری"، ئەستەمە". 

هەڵکەوت عەبدوڵا نوسەر و شارەزای بواری هاتوچۆ، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئاڕاستەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کردووە، ڕایگەیاند" جیاکردنەوەی جۆرەکانی مۆڵەتپێدان پێویستی بە ئامادەکردنی بنەمای تیۆریی و پراکتیکی بۆ ڕاهێنانی فێرخوازان هەیە، واتە بوونی کتێبی تیۆریی تایبەت بە هەر مۆڵەتێک و دانانی ڕێکارە پراکتیکییەکانی جێبەجێکردنی لایەنی تیۆری". 

ڕوونیشکردەوە، پاش پێگەیاندنی فێرخوازانی مۆڵەتی شۆفێری هەر بوارێک، پێویستە ئەفسەری هاتووچۆی ئامادەکراو و شارەزامان هەبێت بۆ تاقیکردنەوەی فێرخوازەکان، ئەمەش وا دەخوازێت بە هەمان شێوازی ڕاهێنەرەکان، ئەفسەرەکانیش لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە بتوانن کارەکە بە باشی ئەنجام بدەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی تێڕوانینی شارەزایانی بواری هاتووچۆ هیچ فێرخوازێک نابێتە شۆفێر، ئەگەر لەسەر ڕێگەوبانی ئاسایی لێنەخوڕێت و شارەزای هەموو مانۆرەکان نەبێت، بۆیە داواکارم لە سەرۆکی حکومەت ئەوە بۆ وەزیری ناوخۆ دووپات بکەنەوە، فێربوونی شۆفێری بە شێوازە کلاسیکییەکەی سەردەمی ڕژێمی پێشوو، کە لە هەولێر پێی دەوترێت "کوری"، ئەستەمە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە:

بەڕێز کاک مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە هەواڵەکانی ئیمڕۆدا بینیم بەڕێزتان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێرتان کردووە و ئەوە خراوەتە ڕوو کە لەمەودوا مۆڵەتی تایبەت و گشتی نامێنێت و بەپێی ستاندارتە جیهانییەکان دابەش دەبێت بەسەر جۆرە جیاوازەکانی سوارڕەودا. ئەمە بۆ خۆی بەشێکە لە ناوەڕۆکی ڕێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢٢ سەبارەت بە پێدانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان، کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە واژۆکراوە و لە وەقایعی کوردستان ژمارە (٢٨٦)ی ڕۆژی ٤/٨/٢٠٢٢ دا بڵاوکراوەتەوە.

سەرەتا دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە ڕۆڵیان لە دەرکردنی ڕێنمایی ژمارە (٣)دا هەبووە، چونکە هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە لە بواری چاکسازیی هاتووچۆدا، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەی لە ڕێنماییەکەدا هاتووە، تا وەک مەرەکەبی سەر کاغەزی لێ نەیەت، هیمەتی بەڕێزتانە بۆ ئەوەی بەڕێز وەزیری ناوخۆ زەمینە بۆ دەستەبەربوونی پێداویستییەکانی ئەو ڕێنماییە خۆش بکات، کە من لای خوارەوە هەندێکیان دەخەمە ڕوو:

یەکەم: جیاکردنەوەی جۆرەکانی مۆڵەتپێدان پێویستی بە ئامادەکردنی بنەمای تیۆریی و پراکتیکی بۆ ڕاهێنانی فێرخوازان هەیە، واتە بوونی کتێبی تیۆریی تایبەت بە هەر مۆڵەتێک و دانانی ڕێکارە پراکتیکییەکانی جێبەجێکردنی لایەنی تیۆری. بۆ ئەمەش دوو ڕێگە لەبەردەمدایە:

وەرگێڕانی کتێبی تیۆریی هەر جۆرێکی مۆڵەتپێدان و گونجاندنی بەپێی تایبەتمەندییەکانی هەرێمی هەرێمی کوردستان، یان ئامادەکردنی کتێبی هەر جۆرە مۆڵەتێک لە لایەن کەسانی شارەزای خۆماڵی و بیانییەوە. دەبێت ڕوونیش بێت کە ئەنجامدانی ئەم کارە سەڵتەزەلامی نییە و کارێکی دەستەجەمعیی کەسانی شارەزا و لێهاتووە، هەروەها نابێت کاری کۆمپانیا یان ناوەندێکی کەرتی تایبەت بێت، بەڵکو پێویستە کاری خۆدی وەزارەتی ناوخۆ بێت، بەسوودوەرگرتن لە کەسانی لێهاتوو لە وەزارەتە جیاوازەکان و کەسایەتییە شارەزاکان.

دووە: بۆ جێبەجێکردنی لایەنی تیۆری و پراکتیکیی جۆرەکانی مۆڵەتپێدان بوونی ڕاهێنەری شارەزای هەر جۆرێک پێویست و گرنگە. ئەو ڕاهێنەرانەش دەبێت بە خولی تایبەتی و زانستی و پراکتیکیدا تێپەڕن و لێهاتووبن بۆ بەجێگەیاندنی کارەکە. بۆ ئەمەش حکومەت دوو ڕێگەی لەبەردەمدایە: هێنانی کەسانی شارەزای کورد یان بیانی، کە لە ئەورووپا خاوەن بڕوانامەی بوارەکەن بۆ ئەنجامدانی خولی پێگەیاندنی ڕاهێنەران، یان پەروەردەکردنی چەند ئەفسەرێک لە لایەن ئەو کەسە شارەزایانەوە و سوودوەرگرتن لە ئەکادیمیای ناو وەزارەتی ناوخۆ تا ئەو ئەفسەرانە دوای پێگەیشتنی خۆیان خول بۆ ڕاهێنەرەکانی جۆرە جیاوازەکانی مۆڵەتپێدان بکەنەوە.

سێیەم: پاش پێگەیاندنی فێرخوازانی مۆڵەتی شۆفێریی هەر بوارێک پێویستە ئەفسەری هاتووچۆی ئامادەکراو و شارەزامان هەبێت بۆ تاقیکردنەوەی فێرخوازەکان، ئەمەش وا دەخوازێت بە هەمان شێوازی ڕاهێنەرەکان، ئەفسەرەکانیش لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە بتوانن کارەکە بە باشی ئەنجام بدەن.

چوارەم: یەکێک لە خەوشییەکانی ڕێنمایی ژمارە (٣)، کە دەبێت ئاوڕی لێ بدرێتەوە ئەوەیە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات فێرخواز هێماکانی پێ بدرێت و لە گۆڕەپانی داخراودا فێری هەندێک مانۆر بکرێت. بەپێی تێڕوانینی شارەزایانی بواری هاتووچۆ هیچ فێرخوازێک نابێتە شۆفێر، ئەگەر لەسەر ڕێگەوبانی ئاسایی لێنەخوڕێت و شارەزای هەموو مانۆرەکان نەبێت. بۆیە داواکارم لە بەڕێزتان ئەوە بۆ بەڕێز وەزیری ناوخۆ دووپات بکەنەوە، فێربوونی شۆفێری بە شێوازە کلاسیکییەکەی سەردەمی ڕژێمی پێشوو، کە لە هەولێر پێی دەوترێت "کوری"، ئەستەمە.

پێنجەم: بۆ چاودێریکردنی شۆفێرانی بوارە جیاوازەکان پێویستمان بە بوونی پۆلیسی هاتووچۆی شارەزا و پەروەردەکراو هەیە، تا بایی ئەوە ئاگاداری لایەنی تیۆری و پراکتیکی لێخوڕین بن، کە بتوانن داوەریی هەڵسوکەوتی شۆفێران بکەن و سەرکەوتووبن لە دیاریکردنی سەرپێچییەکاندا.

من گەلێک تێبینیم لەسەر ڕێنمایی ژمارە (٣) هەیە، هەروەها ڕێنمایی ژمارە (٢) و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەمووی دەخەمەڕوو، بەڵام ئەوەی ئێستا گرنگە جەختی لەسەر بکەمەوە، بەڕێز سەرۆکی حکومەت فەرمان بکات بە دابینکردنی پێداویستییەکانی ئەو هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ئەوەی ئاکامێکی باش و خوازراوی هەبێت.


PM:03:10:24/08/2022