ئەژی ئەمین ئاماژە بە "پۆست"ێكی نوێی دەكات


ئەژی ئەمین، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری لە بڵاوكردنەوەی نوێترین چالاكی خۆیدا نووسیویەتی "یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم".

ئەژی ئەمین، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری لە فەیسبووكی خۆی بڵاویكردۆتەوە "‎ئەمڕۆ 24/8/2022 مامۆستا "ئەژی ئەمین" یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری بە ئامادەبوونی حاكم والی، جێگری سەرۆكی ئاژانس، پێشوازی كرد لە نوێنەرانی كۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی".

‎هەروەها ئِاماژەی بەوەكردووە "لە ئێستادا مۆدێلێك لە حیزبایەتی و حوكمڕانی هاتۆتە كایەوە ڕۆڵ و پێگەی خەباتگێڕان و گەلەكەشمان لەبەرچاو ناگیرێت و هیچ كەس لە تێكۆشەران و ڕەمزەكانی نیشتیمان ناناسێتەوە، دواتریش نوێنەرانی زیندانیانی سیاسی لە كەشێكی دۆستانەدا كێشە و گرفتەكانیان و ڕێگاكانی چارەسەركردنیان خستەڕوو".

ئەمساڵ بەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەژی ئەمین، سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری یەكێتی چووە شاری هەولێر، دواتریش یەكێتی بە فەرمی رایانگەیاند كە ناوبراو هیچ پەیوەندییەكی بە ئاژانسی زانیارییەوە نەماوە، بەڵام ناوبراو تائێستاش هەروەك "سەرۆكی ئاژانسی زانیاری" چالاكییەكانی بڵاودەكاتەوە.



PM:07:56:24/08/2022