پەرلەمان لەبارەی دابەشکردنی نەوتەوە کۆدەبێتەوە

 بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە تایبەت بە پرسی نەوتی سپی ماڵان دەبێت بۆ وەرزی زستان

ئەمڕۆپێنج شەممە، گوڵیزار رەشید سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە فراکسیۆنی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەبارەی پرۆسەی نەوتی ماڵان کۆببێتەوە و تێیدا یاداشتێک ئاراستەی حکوومەت و لایەنە پەیوەندارەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بزانین پلانی حکوومەت بۆ ئەمساڵ چی دەبێت بۆ دابەشکردنی نەوتی سپی، بەتایبەتی لە ئێستادا بەرەو وەرزی پایز دەچین."  

ئەوەشی ڕاگەیاند  "ئەمساڵ بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان نرخی نەوتی سپیش لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتیان دەبێت، کە پێویستە حکوومەت پلانی ھەبێت بۆ ئەوەی بارگرانی نەکەوێتە سەر ھاووڵاتیان." 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ساڵی رابردوو رێککەوتن ھەبوو لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ ئەوەی حکوومەتی فیدڕاڵ بەسێ قۆناغ هەر قۆناغێک ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بداتە ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە تا سەرەتای مانگی شوبات بەغدا تەنها ١٠ ملیۆن لیتری رەوانەکرد و دواتر پابەند نەبوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکوومەتی بەغدا نەوت بە نرخی پالپشتیکراو لەسەر هاوولاتیانی خۆی دابەش دەکات، کەچی ئامادەنەبوو بە شێوەی بازرگانیش بیداتە هەرێمی کورستان، ئێمە دەمانەوێت بزانین حکوومەتی ھەرێم لەگەل فیدڕاڵ ئەمساڵ چی دەکات بۆ دابینکردنی نەوتی سپی.



PM:05:22:25/08/2022