ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی پێشووی عێراق کۆچی دوایی کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ وەفیق سامەڕائی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی پێشووی عێراق بەهۆى نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لەندەن گیانی لەدەستدا. 

بەپێی هەواڵێکی شەفەق نیوزی عەرەبی، وەفیق سامەرائی سوپاسالاری خانەنشینکراو و شرۆڤەکاری ئەمنی و سەربازی، ئەمڕۆ سێشەممە ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢ لە تەمەنی (٧٥) ساڵیدا لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەهۆی نەخۆشییەکی کوشندە کۆچی دوایی کرد. 

وەفیق عەجیل حەمود سامەرائی لە ١ی تەمموزی ١٩٤٧ لە سامەرا لە دایکبووە، ژەنەڕاڵێکی سەربازی پێشووی عێراقە، هەروەها فەرماندەی پێشووی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی گشتی و راوێژکاری سەرۆکی پێشووتری عێراق جەلال تاڵەبانی بووە، لە ساڵی (١٩٦٨) لە کۆلێژی سەربازی عێراق دەرچووە، لە ساڵی (١٩٧٧) لە کۆلێژی ستاف دەرچووە.

وەفیق ئەلسامەڕائی سیاسەتمەدارێکی دیاری عێراقییە، یەکێک بووە لە دیارترین کەسایەتییەکانی سەردەمی سەدام حسێن، پێش ئەوەی لێی جیاببێتەوە و پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی دامەزرێنێت، دوای لەشکرکێشی ئەمریکا گەڕایەوە ئەو وڵاتە. 

هوەروەها سامەرائی چه‌ند پۆستێكی له‌ناو دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراقدا هه‌بووه‌، سەرۆکایەتی یەکەی هەواڵگری سەربازی گشتی کردووە تا ساڵی (١٩٩١) دوای جەنگی دووەمی کەنداو خانەنشین بووە، دواتر بووە بە بەڕێوەبەری گشتی نووسینگەی سەرۆکایەتی سەدام حسێن، بەڵام لە کانوونی دووەمی (١٩٩٤) لە ڕژێمی عێراق هەڵات بۆ شاری کەرکوک. 

لە ساڵی (١٩٩٨) ڕووی لە لەندەن کردووە، پاشان پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی لە ژێر ناوی ئەنجومەنی باڵای ڕزگاری نیشتمانی دامەزراند، کە بنکەکەی لە دانیمارک بوو لە ١ی ئابی ٢٠٠٢.


AM:10:26:30/08/2022