بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی ڕاگەیاند کە خوشکەکەی خۆی کوشتووە پێشتریش
وتراوە کە کوژراوەکە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند " رۆژی ١٢ی ئابی
ئەمساڵ، بنکەی پۆلیسی کوردسات ئاگادارکرایەوە لە بوونی تەرمێک بەناوی (ک.م.پ)ی
لەدایکبووی ١٩٩٣ لە پزیشکی دادوەری سلێمانی، وتەی کەسوکاری لەبارەی رووداوەکەوە
وەرگیراو و وتبوویان، لە نهۆمی دووەمی ماڵی خۆیانەوە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی ئەوەش هاتووە، دوای وەرگرتنی
لێدوان لە کەسوکاری ناوبراو، لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە گومان لەسەر رووداوەکە
دروستبوو، تیمەکانی بنکەی پۆلیسی کوردسات و تیمەکانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان
چوونە شوێنی رووداوەکە و پشکنین و هێڵکاری بۆ شوێنەکە ئەنجامدراو لێکۆڵینەوەکان
بەردەوامبوون.
ئەوەش ڕاگەیەیەندراوە " دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت
کوژراوەکە خۆی هەڵنەداوەتە خوارەوە، بەڵکو لەلایەن برایەکییەوە بەناوی (ق.م.پ)ی
لەدایکبووی ١٩٩٤ بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە بە پارچە ئاسنێک لێی دراوە و بەهۆی
سەختی برینەکەشییەوە لە ماڵەوە گیانیلەدەستداوە".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا
تاوانبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و
دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.