كچێك لەلایەن براكەیەوە دەكوژرێت


پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەو كچەی لەلایەن كەسوكارەكەیەوە هۆكاری گیان لەدەستدانی بۆ خۆهەڵدان لە بینای دووەمی ماڵەكەیانەوە دەگەڕێنرایەوە دەركەوت خۆی نەكوشتووە و لەلایەن براكەیەوە كوژراوە.

بەپێی راگەیەنراوی پۆلیسی سلێمانی، لەبەرواری 12ی8ی 2022، بنكەی پۆلیسی كوردسات ئاگاداركرایەوە لەبونی تەرمێك بە ناوی (ك، م، پ لەدایكبووی 1993) لەپزیشكی دادوەری سلێمانی، وتەی كەسوكاری وەرگیراو ڕایانگەیاند كە لەنهۆمی دووەمی ماڵی خۆیان خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان چوونە شوێنی ڕوداوەكەو كەشف و هێڵكاریی بۆ شوێنی ڕوداوەكە كراو لێكۆڵینەوەكان بەردەوام بوون، سەرەنجام دەركەوت كە كوژراوەكە خۆی هەڵنەداوەتە خوارەوە، بەڵكو لەلایەن براكەیەوە بەناوی (ق، م، پ لەدایكبووی 1994) بەهۆی كێشەیەكی خێزانییەوە بەپارچە ئاسنێك لێی دراوەو بەهۆی سەختی برینەكەیەوە لەماڵەوە گیانی لەدەستداوە".

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "لەئێستادا تاوانبار بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوەو دانی بەتاوانەكەیدا ناوە".



PM:06:21:01/09/2022