عێراق داهاتی نەوتی مانگی رابردووی ئاشكراكرد


وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی مانگی رابردووی فرۆشتنی نەوتی ئاشكرا كردووە كە زیاتر لە نۆ ملیار و 784 ملیۆن دۆلار بووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی ئاماری كۆتایی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بڕی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی (ئاب/8)ی ئەمساڵ گەیشتوەتە 101 ملیۆن و 859 هەزار و 528 بەرمیل، كۆی گشتی داهاتەكەشی نۆ ملیار و 784 ملیۆن دۆلار بوە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "كۆی ئەو بڕە نەوتەی بۆ مانگی ئاب لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە هەناردە كراوە، بڕی 100 ملیۆن و 750 هەزار بەرمیل بوە، هاوكات ئەو بڕە نەوتەی كە لە نەوتی كەركوكەوە هەناردە كراوە لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە یەك ملیۆن و 109 هەزار و 528 بەرمیل بوە".

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، تێكڕای نرخی هەر بەرمیلێك بە 96.05 دۆلار بووە، بەتێكڕاش رۆژانە سێ ملیۆن و 286 هەزار بەرمیل هەناردەكراوە.



AM:09:47:02/09/2022