وەزیرێكی یەكێتی هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوە دەكات


شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم لە پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی كردووە.

میران بەكر، سكرتێری رۆژنامەوانیی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندووە "دەستوەردان و لەمپەر لەبەردەم كارەكانی وەزیری پێشمەرگە هەیە و ئەویش وێڕای نیگەرانیڤ، رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەكە بەردەوام بێت، دەستلەكاردەكێشێتەوە."   

میران ئاماژەی بەوەكردووە، "وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، 44 ساڵ پێشمەرگایەتی كردووە و دواتر پۆستەكەی وەرگرتووە و ئەوەش بۆ ئەوە بووە كە هێزێكی رێكخراوی پێشمەرگە هەبێت، وەكو یەكەم وەزیری پێشمەرگە دەستی دایە چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ئەوانەی لە بەرژەوەندییان دراوە لەمپەر بۆ چاكسازییەكە دروست دەكەن."   

هەروەها دەڵێت "چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە خواستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ سەرخستنی چاكسازییەكان نیگەرانییەكانی وەزیری پێشمەرگەیان گەیاندووەتە لای لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان."    


میران بەكر وتویەتی "وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دەستم داوەتێ، نەك نەیار، دۆستەكانیشی بۆ نەهێشتومەتەوە و هەموویان لێم بوونەتە دوژمن."



PM:03:30:04/09/2022