وادەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییاندا ڕاگەیەنرا

بەڕێوەبەری سوتەمەنیی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" حكومەتی هەرێم بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵیش نەوتی سپیی ماڵان دابین بكات، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لە ناوچە شاخاوییەكان دەست پێ دەكەن". 

ئاری كاكەشین بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند كۆبوونەوەیەكی ئەنجام داوە و داواشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كردووە، پەلە بكات بۆ دابینكردنی نەوتی سپیی ماڵان بۆ ئەوەی بەزووترین كات نەوتمان بۆ دابین بكرێت و دەست بە دابەشكردنی بكرێت، ئێمەش داوامان كردووە تا ناوەڕاستی ئەم مانگە نەوتمان بۆ دابین بكەن و هەركاتێك دابین كرا، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی دەكرێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لە ناوچە شاخاوییەكان دەست پێ دەكەین، بەڵام جارێ بۆمان دیاری نەكراوە بڕەكەی چەند دەبێت و نرخەكانی چۆن دەبێت، چونكە ئەمساڵ نرخی نەوت لە بازاڕ زۆر گرانە.

بەڕێوەبەری سوتەمەنی هەولێر باسی لەوەشکردووە، بۆ ئەوەی لە ناوچە شاخاوییەكان و لە ناو شارەكانیش نەوت دابین بكەین، ئەوەیان لەسەر ئەوە دەمێنێتەوە كە حكومەت چەند نەوتمان بۆ دابین دەكات و ئەگەر بڕەكەی باش بێت، لە ناوچە شاخاوییەكان ولە ناو شاریش نەوت دابەش دەكەین.


PM:03:40:05/09/2022