دابەشکردنی بەنزینی ٦٩٠ دیناری عێراقی دەستپێدەکاتەوە

بڕیارە ناردنی بەنزینی عێراقی بۆ پارێزگای سلێمانی دەستپێبكاتەوە و ڕۆژانە ١٥ تانكەر بەنزین بۆ پارێزگاكە لە لایەن بەغداوە بنێردرێت.

ئەمڕۆ ٧ ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، لە مانگی چواری ئەمساڵەوە لەگەڵ وزیری نەوتی عێراق لەسەر هێڵین بۆ دابینكردنی بەنزین بۆ سلێمانی لە لایەن بەغداوە، وەزیری نەوتی عێراق لە مانگی پێنج بە شێوەی زارەكی ڕەزامەندیدا لەسەر زیادكردنی بڕی بەنزین بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڵام وترا کە بڕی پێویست لە بەردەست نییە تا بینێرن.

باسی لەوەشکرد،  لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەدواداچوونمان بۆ ئەو بابەتە كردەوە و لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق گفتوگۆمانكرد، بڕیاردرا ١٥ تانكەر بەنزینی نۆرماڵ بەشێوەی ڕۆژانە بۆ سلێمانی بنێردرێت بە جۆرێك هەر تانكەرێك ٣هەزار لیترە واتە ڕۆژانە ی٤٥٠ هەزار لیتر لە عێراقەوە بۆ سلێمانی دەنێردرێت.

ناوبراو وتیشی " ئەو بەنزینە بە نرخی ٦٩٠دینار دەدرێت بە هاووڵاتییان، كێشەی كەمی بەنزینی سلێمانی چارەسەر دەكات".

 

سەبارەت بە وادەی ناردنی ئەو بەنزینە لە لایەن بەغداوە بڕیار ڕەشید، دەڵیت، پێشبینی دەكرێت لەم مانگەدا بنێردرێت، بەڵام نازانرێت لە ناوەڕاستی مانگ دەبێت یاخود كۆتایی، چونكە وادەكەی بە دیاریكراوی باس نەكراوە.

 

ناوبراو وتیشی " دەبێت حكومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕێكارە پێویستەكان بۆ چارەسەری كێشەكانی هاووڵاتییان بگرنە بەر و ئێمەش لە هەوڵەكانی خۆمان وەك پەڕلەمانتاران بەردەوامین".

 

 



PM:02:05:07/09/2022